دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

واڵ ستریت جورناڵ: ئێران داوای ڕاگرتنی هێرشەکان دەکات و تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی کۆدەبێتەوە

هەرێم نیوز

ڕۆژنامەی واڵ ستریت جورناڵی ئەمریکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە کە گرنگترین داواکاری تاران لە دانوستانەکانی ڕۆژی هەینی ئەستەنبوڵ ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکاندا هیچ هێرشێکی سەربازی ئەنجام نەدات.

بەپێی ڕاپۆرتەکە وڵاتانی قەتەر و عومان هاوشێوەی مۆدێلەکانی ئۆکرانیا و غەززە پێشنیازێکیان خستووەتە ڕوو کە تێیدا داوا لە ئێران دەکرێت پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت و لە بەرامبەردا چەندین هاندەری ئابووری و دەستکەوتی ئەمنی پێشکەش بکرێت.

ڕۆژنامەکە ئاشکرای کردووە کە ستیڤ ویتکۆف و جارد کۆشنەر لە ئەستەنبوڵ لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کۆدەبنەوە و چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکان دابەشی سەر دوو ئاراستەی جیاواز ببن کە بریتین لە بەرنامەی ئەتۆمی و بابەتە فراوانەکانی وەک بەرنامەی موشەکی ئێران.

سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێران لە ڕێگەی ناوبژیوانە ناوچەییەکانەوە پەیامی ناردووە کە تەنها ئامادەیە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی دانوستان بکات و نایەوێت بابەتەکانی دیکە تێکەڵی ئەم دانیشتنە بکات.

ئەم ئامادەکارییانە بۆ دانوستان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لە دۆخێکی هەستیاردایە و هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی سیاسی چڕکراونەتەوە تاوەکو ڕێگری لە پێکدادانێکی سەربازی گەورە لە نێوان واشنتۆن و تاران بکرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP