دواین هەواڵ

جیهان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

باخچەلی: بڕیارمان داوە ئۆجەلان و دەمیرتاش ئازاد بکەین

هەرێم نیوز

لە لێدوانێکی چاوەڕواننەکراو و مێژووییدا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە)، کۆتاییهێنان بە سەردەمی ململانێی چەکداری و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی ئاشتی لە تورکیا ڕاگەیاند.

باخچەلی ئەمڕۆ سێشەممە (٣ی ٢ی ٢٠٢٦) لەبەردەم فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، بە ڕاشکاوی ڕایگەیاند: "بڕیارەکەمان ڕوونە؛ عەبدوڵا ئۆجەلان لە مافی هیوا (ئازادکردنی بەمەرج) سوودمەند دەبێت و سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی."

سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەحمەد تورک و ئەحمەد ئۆزەر، کە پێشتر لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە، دەگەڕێنەوە سەر پۆستەکانیان وەک سەرۆکی شارەوانی. وتیشی: "دەمانەوێت ئەنادۆڵ بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشتی و تورکیا لە تیرۆر دوور بخەینەوە."

باخچەلی جەختی لەوە کردەوە کە تورکیا لە وەرچەرخانێکی مێژووییدایە و پێویستە هەمووان بە هۆشیاریی مێژووییەوە مامەڵە بکەن. ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی مەهەپە و هاوپەیمانیی گەل، بەرژەوەندیی میللەت دەخەنە سەرووی بەرژەوەندییە کەسییەکان و دەرگایان لەبەرامبەر "بیری قوڕاوی" داخراوە.

ئەم هەڵوێستە نوێیەی باخچەلی تەواوکەری ئەو پڕۆسەیەیە کە لە ٢٧ی شوباتی ٢٠٢٥ەوە دەستیپێکردووە، دوای ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد و دەرگای گفتوگۆی سیاسی لە تورکیا و باکووری کوردستان کرایەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP