هەرێم نیوز
ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا گومانیان هەیە لەوەی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەبێت مەرجەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ گەیشتن بە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەری قبوڵ بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ بۆ سێیەمین جار هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەتۆمی دەستپێکردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ترەمپ دەیەوێت سوود لە فشارە سەربازییەکان وەربگرێت، لەوانە جێگیرکردنی بەرفراوانی هێزەکانی ئەمریکا لە کەنداو، وەک کارتێکی فشار بۆ سەر تاران لە دانوستانەکانی ڕۆژی هەینیدا، بەڵام بەرپرسانی واشنتۆن جەختیان کردووەتەوە کە ناردنی ستیڤ ویتکۆف و جارد کۆشنەر بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەباس عێراقچی، تەنها بۆ گفتوگۆیە و وەک پەردەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بەکارناهێنرێت.
ئێران پێشوەختە ڕایگەیاندووە کە تەنها لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی ئامادەی گفتوگۆیە و نایەوێت باس لە بابەتەکانی دیکەی وەک بەرنامەی موشەکی بکات، لە بەرامبەردا ئاکسیۆس ئاماژە بەوە دەکات کە مەودای نێوان هەڵوێستەکانی هەردوو لا تەنانەت لە ناو جەوهەری دۆسیەی ئەتۆمیشدا زۆر گەورەیە و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لە کورتماوەدا نابینرێت.
ئەم هەوڵە دیپلۆماسییانەی ئیدارەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە فشارە ئابووری و سەربازییەکان بۆ سەر تاران لە بەرزترین ئاستدایە، بەڵام نەرمی نەنواندنی ڕێبەری ئێران بەرامبەر بە مەرجە سەرەکییەکانی واشنتۆن، وەک بەربەستێکی گەورە لەبەردەم سەرکەوتنی دانوستانەکانی ئەستەنبوڵ دەردەکەوێت.