هەرێم نیوز
بارزانی لەگەڵ شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەوە و پەیامێکی ڕاشکاوانەی لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار پێ دان، جەختیشی کردەوە کە دەبێت "میکانیزمێکی دیاریکراو" هەبێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی تووشی کێشە نەبێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی 2ی 2026، لە پیرمام بارزانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کرد کە پێکهاتبوون لە (محەمەد شیاع سودانی، هادی عامری، موحسن مەندەلاوی و عەباس ڕازی).
لە کۆبوونەوەکەدا کە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ئامادەی بوون، پرسی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و دۆخی سوریا تاوتوێ کران.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆککۆمار، بارزانی بە ڕوونی بە شاندەکەی ڕاگەیاند: "سەرۆککۆمار پشکی کوردە و دەبێت میکانیزمێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی دیاری بکرێت و بچەسپێندرێت، بۆ ئەوەی هەموو جارێک پڕۆسەی سیاسی تووشی کێشە نەبێت."
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە دواین گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە و هەماهەنگیی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرا.