هەرێم نیوز
وەزارەتی بازرگانیی عێراق پلانی هەیە بۆ مانگی ڕەمەزان بەشەخۆراک زیاد بکات، بەڵام بازرگانیی هەولێر دەڵێت ئاگادار نین و هۆکاری دابەشنەکردنی بەشەخۆراکی مانگی یەکی ئەمساڵیش ڕوون دەکاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی 2ی 2026، وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاشکرای کرد کە بە نیازن بڕی بەشەخۆراکی هاوڵاتییان بۆ مانگی ڕەمەزان زیاد بکەن و زیادکردنەکەش هەندێک بابەتی دیاریکراو دەگرێتەوە و دابەشکردنەکەش پێش مانگی ڕەمەزان دەبێت.
لە بەرامبەردا، دڵێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری بازرگانیی خۆراکی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: "تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی ئەو پێشنیازەی عێراق نەگەیشتووەتە دەستمان و ئاگاداری نین، بەڵام ئەگەر جێبەجێ بکرێت بێگومان هاوڵاتییانی هەرێمیش دەگرێتەوە."
سەبارەت بە دابەشنەکردنی بەشەخۆراکی 2026، دڵێر عەبدولواحید ئاشکرای کرد: "بەهۆی ناڕەزایەتی دژی زیادکردنی پارەی وەرگیراو لەلایەن بریکارەکانەوە، بەشەخۆراکی یەکەمی ئەمساڵ دابەش نەکراوە و ئەوەی ئێستا لە هەرێم دابەش دەکرێت هی مانگی 12ی ساڵی ڕابردووە کە دواکەوتبوو."