هەرێم نیوز
وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس بڕیاریان دا پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت ڕابگرن، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخ دەگەڕێننەوە کە بەهۆی مەترسیی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دروست بووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی 2ی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک پڵەس لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون "زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ مانگی ئادار ڕابگرن."
ئاژانسەکە هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە نرخی نەوتی خاو گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی شەش مانگی ڕابردوو، بەجۆرێک ڕۆژی پێنجشەممە گەیشتە 71.89 دۆلار و ڕۆژی هەینیش لە 70 دۆلار نزیک بووەوە.
ڕۆیتەرز جەختی کردووەتەوە، هۆکاری سەرەکیی گرانبوونی نەوت دەگەڕێتەوە بۆ "مەترسییەکانی هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران" کە ئەندامێکی ڕێکخراوەکەیە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی پێشبینی دەکرا لە ساڵی 2026دا خستنەڕوو زیاد بێت و ببێتە هۆی دابەزینی نرخەکان.