هەرێم نیوز
چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی مالیکی کۆبووەوە و وەڵامی فشارەکان دەداتەوە، بە فەرمی ڕایدەگەیەنێت کە "بە هیچ شێوەیەک" نووری مالیکی لە کاندیدی سەرۆکوەزیران ناکشێننەوە و دیاریکردنی سەرۆکی حکومەت بە "مافی دەستووریی عێراق" دەزانن.
ئەمڕۆ شەممە 31ی 1ی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی نووری مالیکی کۆبووەوە و لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پرسێکی تەواو ناوخۆیی و دەستوورییە و "تەنیا لە ڕێگەی میکانیزمە سیاسییە نیشتمانییەکانەوە یەکلایی دەکرێتەوە."
لە بەشێکی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی "سووربوونی خۆیان لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی دووپات کردووەتەوە" و ڕایانگەیاندووە کە پڕۆسەکە دەبێت بەدوور بێت لە "فشار و سەپاندنی دەرەکی."
چوارچێوەی هەماهەنگی پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کردووە و دەڵێت: "پەرۆشی بنیاتنانی پەیوەندیی هاوسەنگین، بەڵام دەبێت لەسەر بنەمای ڕێزی بەرامبەر و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیی عێراق بێت."