دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

دارایی هەرێم: وردبینیی لیستی مووچە تەواو بووە؛ "ئەم هەفتەیە بەغدا پارەکە دەنێرێت"

هەرێم نیوز

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، وردبینیی لیستی مووچە کۆتایی هاتووە و چاوەڕوان دەکەن لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا بەغدا پارەی مووچە بنێرێت، هاوکات چارەنووسی مووچەی خانەنشینە نوێیەکانیش ئاشکرا دەکات.

ئەمڕۆ شەممە 31ی 1ی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، وردبینی لە لیستی مووچە تەواو بووە و تەنها چاوەڕێی یەکەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی عێراق دەکەن بەفەرمی داوای داهاتە نانەوتییەکان بکات.

سەرچاوەکە ڕوونی کردووەتەوە، هەرێم ئامادەیە تەنها لە ڕۆژێکدا بڕی 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتیی فیدراڵی بخاتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕێگەی لقی هەولێری بانکی ناوەندییەوە.

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچە، سەرچاوەکە دەڵێت: "چاوەڕوان دەکرێت لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا حکومەتی عێراق شایستەی دارایی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم بنێرێت، چونکە هەرێم سەرجەم پابەندییە دارایی و نەوتییەکانی جێبەجێ کردووە."

لەلایەکی دیکەوە، ئەو فەرمانبەرانەی لە 31ی کانونی یەکەمی 2025 تەمەنی یاساییان تەواو کردووە و خانەنشین بوون کە ژمارەیان زیاتر لە پێنج هەزار کەسە، مووچەی ئەم مانگەیان بەبێ دواکەوتن وەردەگرن، چونکە زانیارییەکانیان لە سیستمی دیجیتاڵیی "پەیڕۆڵ" تۆمار کراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP