دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

دادوەریی عێراق: لێکۆڵینەوە لەگەڵ زیاتر لە هەزار چەکداری داعش دەستیپێکردووە

هەرێم نیوز

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق وردەکاریی نوێی لەبارەی پڕۆسەی وەرگرتنەوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ چەکدارانی داعش ئاشکرا کرد، کە لە سووریاوە ڕادەستی بەغدا کراونەتەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ ١ هەزار و ٣٨٧ ئەندامی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دەستیپێکردووە. ئەم چەکدارانە لەو کۆمەڵە بێگانە و عێراقییانەن کە لەم دواییانەدا لە سووریاوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق بە مەبەستی دادگاییکردن.

دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەکە بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە لە سووریاوە ڕادەستی عێراق دەکرێن، ٧ هەزار کەس تێپەڕێنێت. ئەم هەنگاوەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی عێراقە بۆ داخستنی دۆسیەی تیرۆریستانی داعش و لێپرسینەوە لەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکاندا هەبووە.

لە بەیاننامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە لەگەڵ دەستگیرکراوەکاندا "لەسەر بنەمای چوارچێوە یاسایی و مرۆییەکان و بەپێی یاسا نیشتمانییەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان" مامەڵە دەکرێت. ئامانج لەم ڕێکارانە دڵنیابوونەوەیە لەوەی کە هەموو ئەو کەسانەی تاوانیان ئەنجامداوە، ڕووبەڕووی سزای دادپەروەرانە دەبنەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP