هەرێم نیوز
لە هەوڵێکی نوێدا بۆ دەربازکردنی عێراق لە بنبەستی سیاسی، ئەمڕۆ دووشەممە شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی دەگاتە هەرێمی کوردستان.
بڕیارە پێش کاتژمێر (١١:٠٠)ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، فڕۆکەی شاندەکەی بەغدا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بنیشێتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان کە پێکهاتوون لە (ڕێبەر ئەحمەد، پشتیوان سادق، نەوزاد هادی و ئومێد خۆشناو) لە فڕۆکەخانە پێشوازییان لێ دەکەن.
شاندەکە قورساییەکی سیاسیی گەورەی لەگەڵدایە و پێکهاتوون لە:
• محەمەد شیاع سوودانی (سەرۆکوەزیران)
• هادی عامری (سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح)
• موحسین مەندەلاوی (جێگری سەرۆکی پەرلەمان)
عەباس ڕازی، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی ڕایگەیاندووە کە ئامانجی سەرەکیی ئەم گەشتە، دروستکردنی لێکتێگەیشتنە لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق. هەروەها شاندەکە هەوڵ دەدات پشتگیریی لایەنە کوردییەکان بۆ کابینەی داهاتووی حکومەتی فیدراڵ مسۆگەر بکات.
سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە شاندەکە دوای کۆبوونەوەکانی هەولێر، سەردانی سلێمانیش دەکات بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتی گفتوگۆ بکات. ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان و ناوخۆییەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ گەیشتوونەتە لوتکە.