دواین هەواڵ

ئابوری‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وەزارەتی دارایی: مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەرانە نادرێت کە لە "هەژماری من" تۆمار نەکراون

هەرێم نیوز

ڕۆژی دووشەممە (٢٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی "هەژماری من" کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ سەبارەت بە دابەشکردنی مووچە و سزادانی ئەو بانکانە درا کە کەمتەرخەمن.

وەزارەتی دارایی بڕیاری دا بە ڕاگرتنی مووچەی مانگی یەکی (١) ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی کە:
١. تا ئێستا لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەکراون.
٢. یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و نەچوونەتەوە بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان.

بەپێی دوایین داتاکانی کۆبوونەوەکە:
• تۆمارکراوان: زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر تۆمار کراون.
• مووچەی ئەم مانگە: نزیکەی ٧٠٠ هەزار مووچەخۆر بۆ ئەم مانگە لە ڕێگەی "هەژماری من"ـەوە مووچەکانیان وەردەگرن.
• خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان: لە کۆی ٤٥٥ هەزار کەس، زیاتر لە ٣٥٤ هەزاریان بە تەواوی تۆمار کراون.

وەزارەتی دارایی هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بانکەکان کرد، بەتایبەت بانکی بازرگانی عێراقی (TBI):
• کێشەکانی TBI: بەهۆی کێشەی تەکنیکی بەردەوام، کەمی ئامێری ATM لە قەزا و ناحیەکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندی، بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەسەر ئەم بانکە بوون، بە ئارەزوومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دووەمی دڵخوازی خۆیان.

• سزا: هەر بانکێک پابەند نەبێت بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و پڕکردنەوەی خێرای ئامێرەکانی پارە، لە پڕۆژەکە دووردەخرێتەوە.

لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کرا کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە پڕۆسەی کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران دەستی پێکردووە، تاوەکو لەمەودوا شایستە داراییەکانی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی و لە ڕێگەی کارتی بانکییەوە وەربگرن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP