دواین هەواڵ

کوردستان‌

 24/01/2026

هەسەدە: دیمەشق ئاگربەستی شکاندووە و هێز بۆ شەڕێکی نوێ کۆدەکاتەوە

هەرێم نیوز

هێزەکانی سوریای دیموکرات هۆشداری دەدات لەوەی حکومەتی دیمەشق خەریکی کۆکردنەوەی هێزە و ئەمڕۆ دوو جار لە جزیرە هێرشی کردووەتە سەریان، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەپەلە بێنە سەر هێڵ.

ئەمڕۆ شەممە 24ی 1ی 2026، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەڕای ڕێککەوتنی ئاگربەست، بەڵام حکومەتی دیمەشق بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوامە لە ئامادەکارییە سەربازییەکانی و پەرەپێدانی گرژییە مەیدانییەکان لە ناوچەکانی جزیرە و کۆبانێ.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "جووڵە و کۆکردنەوەی هێزی سەربازی و جموجۆڵی لۆجستی بینراون کە بوونی نییەتێکی ڕوون بۆ پەرەپێدانی گرژی و ڕاکێشانی ناوچەکە بەرەو ڕووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ دەسەلمێنن."

هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەمڕۆ هێزەکانیان لە ناوچەی جزیرە ڕووبەڕووی دوو هێرشی جیاواز بوونەتەوە، کە بە "پێشێلکارییەکی ئاشکرای ڕێککەوتنی ئاگربەست" وەسفی کردووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هەسەدە جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەوان پابەندن بە ئاگربەستەوە، بەڵام کردەوەکانی دیمەشق دەریدەخەن کە "هەوڵێکی ئەنقەست لە ئارادایە بۆ شکستهێنان بە هێورکردنەوەی دۆخەکە و پاڵنانی ناوچەکە بەرەو شەڕ لەبری دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP