هەرێم نیوز
لە کاتێکدا هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند کە ناچنە ناو هیچ هاوپەیمانییەکی حکومڕانییەوە.
ئەمڕۆ شەممە (١٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦)، سەڵاحەددین بابەکر، گوتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی کردەوە: "ئێمە هەر لە سەرەتاوە بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونمان داوە و ئەو بڕیارە تا ئێستاش وەک خۆی بەردەوامە." بەمەش یەکگرتوو کشانەوەی خۆی لە هەر گفتوگۆیەک بۆ وەرگرتنی پۆست لە کابینەی دەیەم ڕاگەیاند.
سەرەڕای بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بوونیان، گوتەبێژی یەکگرتوو ئاماژەی بەوە دا کە حزبەکەی دەستخۆشی لە هەر نزیکبوونەوەیەکی نێوان هێزە سیاسییەکان دەکات و وتی: "هەموو نزیکبوونەوەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت و کاراکردنەوەی پەرلەمان بە باش دەزانین" بۆ ئەوەی کۆتایی بە بنبەستی سیاسی بهێنرێت.