هەرێم نیوز
بەڕێوەبەرایەتیی ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە یەکەم کاردانەوەی فەرمیدا بەرامبەر مەرسوومە نوێیەکەی ئەحمەد شەرع ڕایگەیاند، کە پاراستنی مافەکان پێویستی بە دەستوورێکی هەمیشەیی و سیستەمێکی لامەرکەزی هەیە.
ئیدارەی خۆسەر لە بەیاننامەیەکدا بۆ ڕای گشتی ئاماژەی بەوە کرد، کە دەرکردنی مەرسووم، هەر نییەتێکی لە پشت بێت، ناتوانێت ببێتە زامنی ڕاستەقینەی مافی پێکهاتەکان. لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "مافەکانی گەلی کورد بە مەرسوومی کاتی ناپارێزرێن، بەڵکو دەبێت لە ڕێگەی دەستوورێکی هەمیشەییەوە بچەسپێنرێن کە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بکات."
ئیدارەی خۆسەر جەختی لە چەند خاڵێکی بنەڕەتی کردەوە وەک چارەسەر بۆ داهاتووی سووریا:
• دەستووری دیموکراسی: داڕشتنی دەستوورێک کە دان بە مافی هەموو پێکهاتە و بیروباوەڕەکاندا بنێت بەبێ جیاوازی.
• سیستەمی لامەرکەزی: چارەسەری بنەڕەتی لە دەستوورێکی نانەوەندی (لامەرکەزی) و دیموکراسیدایە کە گەرەنتی هاوبەشیی ڕاستەقینە بکات.
• دەوڵەتی هاووڵاتیبوون: بونیادنانی دەوڵەتێک لەسەر بنەمای دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی.
ئیدارەی خۆسەر ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەندە ئەم مەرسوومە وەک "هەنگاوی یەکەم" دەبینن، بەڵام هێشتا خواست و هیواکانی گەلی سووریا فەراهەم ناکات، چونکە گەلی سووریا قوربانییەکی زۆری داوە بۆ گەیشتن بە مافە ڕەواکانی و شۆڕشێکی ڕاستەقینەی بەرپا کردووە.