هەرێم نیوز
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای سووریا لە پەیامێکی تونددا ڕایگەیاند، تەواوی پێگە سەربازییەکانی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە ناو گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە شاری حەلەب، بە "ئامانجی شەرعی و سەربازی" دادەنێن.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی "سانا"ی فەرمیی سووریا، سوپا هەسەدە بە ئەنجامدانی "کۆمەڵکوژی" دژ بە هاووڵاتییانی مەدەنی تۆمەتبار دەکات و داوا لە دانیشتووانی ئەو دوو گەڕەکە کوردنشینە دەکات، دەستبەجێ لە پێگەکانی هەسەدە دوور بکەنەوە.
سوپای سووریا وەک ئامادەکارییەک بۆ هێرشی فراوان، دوو ڕێڕەوی مرۆیی بە ناوەکانی (دەروازەی العوارز و دەروازەی شەقامی ئەلزهوور) تاوەکوو کاتژمێر ٣:٠٠ی پاشنیوەڕۆ دیاری کردووە بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ناوچەکە چۆڵ بکەن.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، وەک دوو ناوچەی نیمچە سەربەخۆ لەژێر دەسەڵاتی کورددا ماونەتەوە. دەستەواژەی "ئامانجی شەرعی" لە فەرهەنگی سەربازیی سووریادا بە واتای دەسپێکردنی بۆردومانی چڕ و هێرشی زەمینی دێت. دیاریکردنی کات و ڕێڕەوی مرۆیی، ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ئەوەی کە دیمەشق بڕیاری کۆتایی داوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو گەڕەکانە بە زەبری هێز، ئەمەش ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی ماڵماڵ و کارەساتێکی مرۆیی گەورە لەناو شاری حەلەب زیاد دەکات.