دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

مادۆرۆ لە بەردەم دادگا: من هێشتا سەرۆکی ڤەنزوێلام

هەرێم نیوز

مادۆرۆ لە یەکەم لێدوانیدا دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە و گواستنەوەی بۆ ئەمریکا، لە بەردەم دادگای نیویۆرک رایگەیاند، ئەو هێشتا خۆی بە سەرۆکی شەرعی وڵاتەکەی دەزانێت و وەک "دیلی جەنگ" مامەڵە دەکات.

نیکۆلاس مادۆرۆ جەختی کردەوە کە لەناو ماڵەکەی خۆی لە کاراکاس ڕفێنراوە و سەرجەم ئەو تۆمەتانەشی رەتکردەوە کە لە بواری تیرۆر و بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر ئاراستەی کراون.

هاوکات لەگەڵ مادۆرۆ، سیلیا فلۆریس هاوسەری سەرۆکی ڤەنزوێلاش لەبەردەم هەمان دادگا لە ویلایەتی نیویۆرک ئامادەبوو و بەرگری لە خۆی کرد.

بەپێی راپۆرتەکانی ئاژانسی رۆیتەرز، هاوسەری مادۆرۆ سەرجەم ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە پەیوەستن بە قاچاخچێتی کۆکاین و بێبەریبوونی خۆی لەو کەیسە راگەیاندووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەردوای دەستگیرکردنیان دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند ئەمریکا بە شێوەیەکی کاتی سەرپەرشتی کاروباری ئەو وڵاتە دەکات.

دادگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕۆژی ١٧ی ئازاری داهاتووی وەک وادەی ئامادەبوونی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا لەبەردەم دادوەر دیاریکردووە.

بەپێی هەواڵی میدیا جیهانییەکان، دادوەر فەرمانی کردووە مادۆرۆ لەو ڕێککەوتەدا لە دانیشتنێکی گوێگرتن ئامادە بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون.

لەلایەکی دیکەوە، پارێزەری نیکۆلاس مادۆرۆ لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند کە مادۆرۆ باری تەندروستی ناجێگیرە و بەدەست چەند کێشەیەکی تەندروستییەوە دەناڵێنێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە سیلیا فلۆریسی هاوسەری مادۆرۆ بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەوە تووشی برینداریی سەخت بووە و هەردووکیان پێویستیان بە چاودێری پزیشکی بەپەلە هەیە پێش وادەی دادگاییکردنەکەیان.

ئەمانە دوای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی بەرفراوانی ئەمریکا دێت بۆ سەر کاراکاس و چەند ناوچەیەکی تری ڤەنزوێلا لە سەرەتای ئەمساڵدا، کە بووە هۆی کوژرانی دەیان کەس لە سەربازان و مەدەنییەکان و دەستگیرکردنی مادۆرۆ و هاوسەرەکەی.

لە ئێستاشدا دێلسی ڕۆدریگێز وەک سەرۆک کۆماری کاربەڕێکەر ئەرکەکانی گرتووەتە ئەستۆ تا ئەو کاتەی دۆخەکە جێگیر دەبێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP