هەرێم نیوز
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێ دەنێتە ١١یەمین ڕۆژی خۆی و ئامارەکانیش ئاماژە بە بەرزبوونەوەی مەترسیداری ژمارەی قوربانییان دەکەن.
بەپێی زانیاریی چالاکوانانی مافی مرۆڤ بۆ ئاژانسی (فرانس پرێس)، تاوەکوو ئێستا ٣٥ خۆپیشاندەر کوژراون و نزیکەی ١٢٠٠ کەسیش دەستگیرکراون، ئەمە جگە لەوەی سەدان کەسی دیکە بریندارن.
پێکدادانی خوێناوی و تەشەنەسەندنی تووڕەیی
میدیا فەرمییەکانی ئێران دانیان بەوەدا ناوە کە لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا ٢٥٠ ئەفسەری پۆلیس و ٤٥ ئەندامی هێزەکانی بەسیج بریندار بوون. لە پارێزگای ئەسفەهان و شارەکانی وەک ئیلام و کرماشان، خۆپیشاندەران بە دروشمی توند ڕژاونەتە سەر شەقامەکان. لە هەندێک ناوچە ئاڵای وڵاتەکە سووتێنراوە و هێزە ئەمنییەکانیش بە گازی فرمێسکڕێژ و هێزی چەکداری ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و پەیامی ترەمپ
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشدارییەکی توندی داوەتە تاران سەبارەت بە سەرکوتکردنی خەڵک. لە وەڵامی ئەمەدا، خۆپیشاندەران لە چەندین شار ناوی "ترەمپ"یان لەسەر دیوارەکان نووسیوە. هاوکات ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە ڕێز لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و گردبوونەوەی ئاشتیانە بگرن.
هەڕەشەی دادوەری و "دیارییەکەی" پزیشکیان
لە کاتێکدا سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەڕەشەی مامەڵەی "بێبەزەییانە" لەگەڵ خۆپیشاندەران دەکات، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران هەوڵدەدات لە ڕێگەی ئابوورییەوە دۆخەکە هێور بکاتەوە. پزیشکیان بڕیاری داوە بۆ ماوەی ٤ مانگ، مانگانە بڕی یەک ملیۆن تمەن (کە دەکاتە نزیکەی ٧ دۆلار) بخاتە سەر هەژماری هاووڵاتییان، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم بڕە پارە کەمە ناتوانێت ڕێگری لەو تووڕەییە گەورەیە بکات کە بەهۆی داڕمانی بەهای تمەن و گەندەڵییەوە دروست بووە.