دواین هەواڵ

جیهان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ترەمپ کلیلی نەوتی ڤەنزوێلای وەرگرت؛ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوت دەگاتە ئەمەریکا

هەرێم نیوز

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کاتیی ڤەنزوێلا بڕی ٣٠ بۆ ٥٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کوالیتی بەرز ڕادەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەکەن.

ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سەکۆی (تروس سۆشیال) بڵاوی کردەوە، ئەو نەوتەی ڤەنزوێلا کە پێشتر لەژێر سزاکاندا بووە، بە نرخی بازاڕ دەفرۆشرێت. سەرۆکی ئەمەریکا جەختیشی کردەوە کە خۆی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی بەڕێوەبردنی داهاتی ئەو نەوتە دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێتەوە کە پارەکە لە بەرژەوەندیی گەلی ڤەنزوێلا و ئەمەریکا بەکاردەهێنرێت.

هاوکات، ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاشکرای کردووە کە ترەمپ بە نیازە ڕۆژی هەینی لەگەڵ نوێنەرانی سێ گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆببێتەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامدانی وەبەرهێنانی گەورە لە کەرتی وزەی ڤەنزوێلا.

ڤەنزوێلا خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوتی سەلمێنراوە لە جیهاندا، بەڵام بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا و ململانێیە سیاسییەکانی ناوخۆ، کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە لە ساڵانی ڕابردوودا تووشی داڕمان بوو. گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی و ڕێککەوتنی لەگەڵ حکوومەتی کاتیی ئەو وڵاتە، وەک وەرچەرخانێکی گەورە دەبینرێت لە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا. ئەم هەنگاوە تەنها کاریگەریی لەسەر دابەزینی نرخی سووتەمەنی لە ناوخۆی ئەمەریکا نابێت، بەڵکو گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە بازاڕی وزەی جیهانی و هاوسەنگییە سیاسییەکانی ئەمریکای لاتین دروست دەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP