هەرێم نیوز
سیاسەتمەداری کورد مەلا بەختیار ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم لەسەر کاندیدێک ڕێکبکەون، ئەوا ئەو دەکشێتەوە، ئەگەریش ڕێکنەکەون ئەوا ئەو دەتوانێت ببێتە "کاندیدی هاوبەش".
ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 1ی 2026، مەلا بەختیار، کە بە شێوەی سەربەخۆ خۆی بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق کاندید کردووە، هەڵوێستی خۆی لەبارەی ئەگەری مانەوە یان کشانەوەی لە کێبڕکێکە ئاشکرا کرد.
مەلا بەختیار ڕایگەیاند: "ئەگەر یەکێتی و پارتی لەسەر یەکێک لەم کاندیدانەی دیارییان کردوون ڕێکبکەون، من لە کێبڕکێکە دەکشێمەوە."
لە ئەگەری ڕێکنەکەوتنی ئەو دوو لایەنەشدا، مەلا بەختیار خۆی بە چارەسەر دەزانێت و دەڵێت: "ئەگەر ڕێکیش نەکەون، دڵنیام هەموو لایەک دەزانێت، بەندە دەتوانم ببمە مایەی کاندیدی هاوبەشی یەکێتی و پارتی، هەروەها پشتیوانەکانیان لە عێراق."
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە وادەی یاسایی بۆ پێشکەشکردنی ناوی کاندیدەکان کۆتایی هاتووە و 45 کەس کێبڕکێ لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار دەکەن.