دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

نهێنییەکە ئاشکرا بوو؛ خامنەیی پلانی "B"ی بۆ هەڵاتن ئامادەیە

هەرێم نیوز

ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی نهێنی ئاشکرای دەکات، ڕێبەری باڵای ئێران لە ترسی شکستھێنانی هێزە ئەمنییەکان لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان یان ئەگەری کودەتا بەسەریدا، "پلانی جێگرەوە"ی بۆ هەڵاتن لە ئێران داڕشتووە و شوێنی مانەوەی خۆی و خێزانەکەشی دیاری کردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 5ی 1ی 2026، ڕۆژنامەی (تایمز)ی بەریتانی ناوەڕۆکی ڕاپۆرتێکی هەواڵگریی بڵاو کردەوە و تێیدا وردەکاریی پلانێکی نهێنیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانی ئاشکرا کردووە بۆ بەجێهێشتنی تاران لە کاتی تەنگانەدا.
وردەکاریی "پلانی B" و هاەڵاتن بۆ مۆسکۆ

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، خامنەیی تەمەن 86 ساڵ، پلانی داناوە لەگەڵ بازنەیەکی زۆر تەسکدا کە لە 20 کەس لە یاریدەدەران و ئەندامانی خێزانەکەی پێکهاتوون (بە تایبەت موجتەبای کوڕی و جێگرەوەی ئەگەریی)، بەرەو ڕووسیا هەڵبێن.

سەرچاوەیەکی هەواڵگری بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە: "خامنەیی سەرسامە بە ڤلادیمێر پوتین و پێی وایە کولتووری ئێرانی لە کولتووری ڕووسییەوە نزیکە، جگە لەوەش هیچ شوێنێکی دیکەی نییە بۆی بچێت، بۆیە مۆسکۆی هەڵبژاردووە."

دووبارەکردنەوەی سیناریۆی بەشار ئەسەد

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەدات کە پلانەکەی خامنەیی لەسەر شێوازی هەڵاتنی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا داڕێژراوە، کە لە کانوونی یەکەمی 2024 و پێش ئەوەی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بگەنە دیمەشق، بە فڕۆکەیەک هەڵات بۆ مۆسکۆ و پەیوەندیی بە خێزانەکەیەوە کرد.

بەپێی زانیارییەکان، ئامادەکاری کراوە بۆ کۆکردنەوەی سامان و موڵک و ماڵ لە دەرەوەی وڵات بۆ ئاسانکاریی دەرچوونیان بە سەلامەتی. خامنەیی خاوەنی تۆڕێکی فراوانی داراییە لەژێر ناوی دامەزراوەی "ستاد" کە بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ڕۆیتەرز لە ساڵی 2013دا، سەرمایەکەی بە 95 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرا.

دۆخی دەروونیی خامنەیی و ترسی پارانۆیا

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا کە پشت بە هەڵسەنگاندنێکی دەروونیی دەزگایەکی هەواڵگریی ڕۆژئاوایی دەبەستێت، هاتووە کە خامنەیی لە دوای "جەنگی 12 ڕۆژە" لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ڕابردووەوە، لە ڕووی دەروونی و جەستەییەوە لاواز بووە.

هەڵسەنگاندنەکە دەڵێت: "خامنەیی تووشی حاڵەتی پارانۆیا (وەهمی پیلانگێڕی) بووە و ترسێکی زۆری هەیە لەوەی هێزە ئەمنییەکان و سوپای پاسداران فەرمانەکانی جێبەجێ نەکەن یان لێی هەڵگەڕێنەوە، بۆیە ئەم پلانەی بۆ ئەو کاتە داناوە."

ئەم ئامادەکارییانە لە کاتێکدایە کە لە هەفتەی ڕابردووەوە خۆپیشاندانی فراوان شارەکانی ئێرانی گرتووەتەوە و تەنانەت شاری "قوم"یشی گرتووەتەوە، دروشمەکانیش لە داواکاریی ئابوورییەوە گۆڕاون بۆ داواکاریی سیاسی و ڕووخانی ڕژێم.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP