دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

لە کوشتنى قاسم سولەیمانی و ئەبوبەکر بەغدادییەوە بۆ دەستگیرکردنى مادۆرۆ

هەرێم نیوز 

کاتێک باس لە سەرکەوتنە سەربازیی و لەناکاوەکانى ئەمریکا دەکرێت یەکسەر هزر دەچێت بۆ لاى هێزە تایبەت و مەترسیدارەکەى دەلتا، ئەم گروپە چەند سەد کەسییە کارەکانی نهێنین و ئەوەى ناوى تیرۆر بێت ئەوان خۆیانى بۆ یەکلایی دەکەنەوە، پشت بە دابەزینی ئاسمانى و روبەڕووبوونەوەى بەشێوەیەکی زۆر هەستیار ئەنجامدەدەن، لەو کاتانەشدا کە دەیانەوێت بەبارمتەگیراوەکان ئازاد بکەن ئەو پەڕی شارەزایی و تواناى خۆیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەى گیانیان بە سەلامەت دەربازبکەن.

یەکەى چالاکى تایبەتى ئەمریکا کە بەهێزەکانى دەلتا بەناوبانگن، چەندین کارى گرنگیان ئەنجامداوە لەوانەش کوشتنى قاسم سولەیمانى و دەستگیرکردنى سەدام حسێن و دوا چالاکیشیان دەستگیرکردنى نیکۆلاس مادۆرۆی سەرۆکی فەنزویلا بوو، بەڵام ئەم هێزە لە ساڵی 1980 شکستیان هێناوە لە ئازادکردنى بەبارمتەگیراوەکانی باڵیۆزخانەى ئەمریکا لە تاران.
مێژووی دروستبوون:

ئەم هێزە لە ساڵی ١٩٧٧ لەلایەن عەقید چارڵز بێکویس دامەزراوە،  بێکویس پێشتر وەک ئەفسەری ئاڵوگۆڕ لەگەڵ هێزی (SAS)ی بەریتانی کاری کردبوو، بۆیە بیرۆکەی دروستکردنی هێزێکی هاوشێوەی ئەوانی بۆ ئەمریکا گواستەوە کە بتوانێت ئۆپەراسیۆنی زۆر ورد و مەترسیدار ئەنجام بدات.

ئەرکە سەرەکییەکان
ئەرکەکانی هێزی دەلتا زۆر هەستیارن و زۆربەی کات بە نهێنی دەمێننەوە، گرنگترینیان ئەمانەن:
دژە تیرۆر: ڕووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا.
ڕزگارکردنی بارمتەکان: ڕزگارکردنی هاووڵاتیان یان سەربازانی ئەمریکی لە بارودۆخی زۆر سەختدا.
دەستگیرکردنی ئامانجە گرنگەکان: دەستگیرکردن یان لەناوبردنی سەرکردە باڵاکانی دوژمن.
سیخوڕیی و چاودێری: کۆکردنەوەی زانیاری لە لەنێو هێزەکانی دوژمنەوە.

 شێوازی هەڵبژاردن و مەشقکردن:
پڕۆسەی وەرگرتن لە هێزی دەلتا یەکێکە لە سەختترین پڕۆسەکان لە جیهاندا: بەجۆرێک تەنها ئەو سەربازانەی ناو سوپای ئەمریکا دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن کە ئەزموونی زۆریان هەیە و لەپرۆسە تایبەتەکانى هەواڵگریی سەرکەوتوو بوون.
تاقیکردنەوەی جەستەیی و دەروونی: سەربازەکان دەخرێنە ژێر گوشارێکی زۆرەوە، وەک ڕۆیشتنی دەیان کیلۆمەتر بە بارێکی قورسەوە لە ناوچە شاخاوییەکان بەبێ خەو و خواردنی پێویست.

ڕێژەی سەرکەوتن: تەنها نزیکەی 5٪ بۆ ١٠٪ ـی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن، دەتوانن پڕۆسەی وەرگرتنەکە ببڕن.
ئۆپەراسیۆنە ناودارەکان:

هەندێک لەو ئۆپەراسیۆنانەی کە دەگوترێت هێزی دەلتا تێیدا بەشدار بووە (هەندێکیان بە فەرمی پشتڕاست کراونەتەوە):
ئۆپەراسیۆنی کانییەکەی داینەمۆ (٢٠١٥): ڕزگارکردنی نزیکەی ٧٠ بارمتە لە دەستی داعش لە حەویجە (کە تێیدا سەربازێکی دەلتا بە ناوی جۆشوا ویڵەر گیانى لەدەستداوە).

دەستگیرکردنی سەدام حسێن (٢٠٠٣): ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی سەرۆکی پێشووی عێراق.
کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی (٢٠١٩): هێزی دەلتا سەرکردایەتی هێرشەکەی سەر شوێنی حەشارگەی بەغدادییان کرد لە سووریا.
شەڕی مەگادیشۆى پایتەختى سۆماڵ (١٩٩٣): کە دواتر فیلمی بەناوبانگی (Black Hawk Down)ی لەسەر دروستکراوە بەڵام ژمارەیەکیان لێکوژراوە و سەرکەوتوو نەبوون لەو پرۆسەیەدا.

کوشتنى قاسم سولەیمانی فەرماندەى هێزەکانى سوپاى قودس لە عێراق لە رۆژى 3ـى کانوونى دووەمی 2020،  بەشداریی کردنى هێزی دەلتا لە گەردەلوولی بیابان لە دژى عێراق لە ساڵی 1991 ، و هەروەها لە پرۆسەى ئازادی عێراقیشدا لە مانگی تشرینى یەکەمیشدا لە لیبیا سەرکردەى  بەناوبانگی ئەلقاعیدە ئەبو ئەنسی لیبیی یان دەستگیرکردووە لە ساڵی 2012.

هەرچەندە هەندێک باس لەوە دەکەن کە هێزی دەلتا ئوسامە بن لادنیان کوشتووە، بەڵام راستییەکەى ئەوەیە ئەوان رۆڵیان هەبووە و لە لایەن هێزێکی دیکەى ئەمریکاوە کوژراوە، هێزی دەلتا و یەکە هەواڵگرییەکانی ترى ئەمریکا ساڵانێکی زۆر کاریان کردووە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر شوێنی حەشارگەی بن لادن و  لە ڕۆژی ٢ی ئایاری ٢٠١١ (بە کاتی پاکستان) لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا کوژرا.
بەهۆی نهێنیبوونی زۆری ئەم هێزەوە، حکومەتی ئەمریکا زۆر کەم بە فەرمی باسی وردەکارییەکانیان دەکات و زۆربەی کات ئەندامانی ئەم هێزە بە جلی مەدەنی و بە ڕیش و قژی درێژەوە دەردەکەون بۆ ئەوەی بناغەیان تێکەڵ بە خەڵکی ناوچەکە بێت، هەندێک لەسەرچاوەکان باس لەوە دەکەن ژمارەیان بەتەواوەتى نەزانراوە بەڵام ئاماژە بەوە دەکرێت ژمارەیان لە نێوان 800 بۆ هەزار کەسدایە و زۆرینەیان زمانەکانى عەرەبی و فەرەنسى و عیبری و ئوردو دەزانن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP