هەرێم نیوز
لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریی و ئاڵنگارییە خێرایەی جیهان لەرووى بازرگانى و ئابووریدا و تێکچوونی سەقگیریی بازاڕەکان، یەکێک لەو مەترسییانەى کە رووبەڕووی هەمووان دەبێتەوە یەدەگ و نەختینەى دارایی وڵاتانە کە دەکەوێتە ڕیزبەندی مەترسییەکان و چەندە بەهێز بێت ئەوەندە لە مەترسییەکان دوورتر دەکەوێتەوەو بە پێچەوانەشەوە، پرسیارە گرنگەکە بۆ ئێمە ئەوەیە عێراق لەکوێی ریزبەندیی وڵاتاندایە و چەندە لە مەترسییەکەوە دوورین؟ چەندە پەیوەندیی بە داهات و خەرجییە هەمیشەییەکانیەوە هەیە؟ ژمارەى دانیشتوان و خواستەکانیان چ کاریگەرییەک لە سەر هاوردەکانی و چوونە دەرەوەى دراوەکانى دروستدەکات؟ وڵاتان چەندە دراو و پێگە ئابوورییەکەى عێراقیان بەلاوە گرنگە؟
بەگوێرەى سەرچاوە میدیاییەکان لە جیهانى عەرەبیدا، عەربستانى سعودیە لەڕیزبەندی یەکەمى خاوەن یەدەگەکانى دراودایەو خاوەنی 463 ملیار دۆلاری یەدەگە، ئەمەش تەنها ئاماژەیەک نییە بۆ بەهێزیی ئابوورییەکەى بەڵکو کاریگەریی هەیە لەسەر ئەو پرۆژانەى کە بڕیارە تا 2030 جێبەجێیان بکات.
لەدواى ئەویش میرنشینى عەرەبی( ئیمارات) دێت، کە توانایەکی بەهێزی یەدەگی هەیە وبەتایبەتى لە حەوت مانگی رابردوودا شەقاوێکی گەورەى هاویشتووە و لەمانگی ئۆکتۆبەرى ساڵی رابردوو (2025)ـدا نزیکبووتەوە لە 257 ملیار دۆلار، لە ڕیزبەندیی سێیەمیشددا عێراق دێت، بەگوێرەى راپۆرتى بانکی ناوەندیی 112 ملیار دۆلارە، سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن زۆرینەى رەهاى دەگەڕێتەوە بۆ فرۆشى نەوت و بەرزبوونەوى لە بەهاکەى لە بازاڕە جیهانییەکان و کەمبوونەوەى خەرجییەکان جەنگ، سەرچاوە عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن عێراق هەنگاوی گەورە و ستراتیژیی لەو بوارەدا ناوە، بەتایبەتى لە 15 مانگی رابردوودا.
سەرچاوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سەرەڕای ناسەقامگیریی سیاسی و ئیداریی لە لیبیا بەڵام بەهۆی ستراتیژیەتى شوێنەکەى و فرۆشی نەوت ئەو وڵاتە لەڕیزبەندی چوارەمدایە و خاوەنی 99 ملیار دۆلار یەدەگە، ئاماژە بەوەشدەکرێت کە هەرچوار وڵاتی عەرەبی توانایەکی باشیان هەیە لە هەناردەکردنى نەوت و ئیدارەدانى سیوەلە لەناوخۆ و دەرەوەى وڵاتەکانیان.
راپۆرتە رۆژنامەوانییە جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لەسەر ئاستى جیهان چین لە ریزبەندى یەکەمی یەدەگدایە و زیاتر لە 3 ترلیۆن و 200 ملیار دۆلار یەدەگی هەیە و بەدواى ئەودا وڵاتى ژاپۆن دێت کە یەدەگەکەى لە دوو ترلیۆن زیاتر بووە لە 2025 دا.