دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

بەنداوی دوکان و دەربەندیخان؛ ئاستی ئاو چەندین مەتر بەرزبووەتەوە

هەرێم نیوز

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان ئاماری نوێی زیادبوونی ئاوی لە بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بەفر و بارانی ١٠ ڕۆژی ڕابردوو، بڕی نیو ملیار مەتر سێجا ئاو لە کۆگاکاندا زیادی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوە کرد، کاریگەریی شەپۆلی باران و بەفر لە سەرەتای مانگی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە و لە زۆربەی دەڤەرەکاندا بڕی بارانبارین دوو هێندە تا سێ هێندەی ساڵی ڕابردوو بووە.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکان، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان پێنج مەتر و بەنداوی دوکان چوار مەتر بەرزبووەتەوە. هەروەها لە هەریەک لە بەنداوەکانی دهۆک و گۆمەسپان بڕی یەک ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆگاکراوە، کە تەنها لە بەنداوی گۆمەسپان ئاستی ئاوەکە یەک مەتر زیادی کردووە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەنداوەکان وتی، سەرجەم بەنداوە بچووک و مامناوەندەکان لە سنووری پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان توانیویانە بە سەلامەتی شەپۆلەکە تێپەڕێنن و زۆربەیان پڕ بوون یان ئاستی ئاوەکەیان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە ڕووبەڕووی مەترسی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاوی ژێرزەوی ببووەوە، ئەمساڵ یەکێک لە تەڕترین زستانەکانی تاقی دەکاتەوە. زیادبوونی ئاو لە بەنداوە گەورەکاندا نەک تەنها بۆ کەرتی کشتوکاڵ گرنگە، بەڵکو دەبێتە هۆی جێگیربوونی ئاستی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە وێستگەکانی دۆکان و دەربەندیخان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP