دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەسرور بارزانی: بە مەبەست ڕێگری لە کابینەی نوێ کراوە

هەرێم نیوز

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامی سەری ساڵدا ڕایدەگەیەنێت، توانیویانە ژێرخانی دارایی بەهێز بکەن و کێشەی کارەبا چارەسەر بکەن، هاوکات هۆشداری دەدات کە "بە مەبەست" ڕێگری لە پێکهێنانی حکوومەت کراوە و نابێت چیتر بەرژەوەندیی باڵا بکرێتە قوربانی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی 12ی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی هاتنی ساڵی نوێی 2026ـەوە، پیرۆزبایی لە هاووڵاتییان کرد و هیوای ساڵێکی پڕ لە شادی و ئارامی بۆ خواستن.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ساڵی ڕابردوو ساڵی ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بوو، وەک "دابینکردنی کارەبای بەردەوام، چارەسەری کێشەی کەمئاوی، بنیاتنانی ڕێگەوبان و باشترکردنی ژێرخانی دارایی و بانکی."

لە بەشێکی گرنگی پەیامەکەیدا، سەرۆکی حکوومەت نیگەرانیی خۆی نیشان دا و وتی: "هیوادارین لە ماوەیەکی نزیکدا کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک بهێنرێت، کە بەداخەوە، بە مەبەست ڕێگری لە پێکهێنانی کراوە."

سەرۆکی حکوومەت جەختیشی کردەوە: "پێویستە چیتر بەرژەوەندیی باڵای کوردستان نەکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی هیچ لایەنێک."

سەبارەت بە حکوومەتی فیدراڵیش، مەسرور بارزانی هیوای خواست لە ئاییندەیەکی نزیکدا و لەسەر بنەمای پرنسیپەکانی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" کابینەی نوێ پێک بهێنرێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP