دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەردۆغان: دەمانەوێت تورکیا لە بەڵایەکی 40 ساڵە رزگار بکەین؛ پڕۆسەی ئاشتی بەردەوامە

هەرێم نیوز 

سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامی سەری ساڵدا ڕایدەگەیەنێت، ئامانجیانە وڵات لە "بەڵایەکی 40 ساڵە" رزگار بکەن و جەخت دەکاتەوە کە نابێت پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 31ی 12ی 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیامێکی ڤیدیۆيیدا بە بۆنەی هاتنی ساڵی نوێوە ڕایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە ئامانجی رزگارکردنی وڵاتەکەمانە لە بەڵایەکی 40 ساڵە، بۆیە نابێت بکرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی سیاسەتی رۆژانە."

لەبارەی کارەکانی ئەو کۆمیسیۆنەی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە پەرلەمان پێکهێنراوە، ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا، کۆمیسیۆنەکە خەریکە ڕاپۆرتەکەی تەواو دەکات و ئەوەش "هەناسەیەکی نوێ" بە پرۆسەکە دەبەخشێت، هیواشی خواست لە قۆناغی کۆتاییدا بە گیانی سازان کار بکەن.

سەرۆککۆماری تورکیا دڵنیایی دا کە بۆ ئەوەی پرۆسەکە بەبێ هیچ رووداوێکی ناخۆش بگاتە ئامانج، لە ئەنجامدانی هەر کارێک کە لەسەر شانیان بێت، درێخی ناکەن.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، زیاتر لە ساڵێکە پرۆسەی نوێی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دەستی پێ کردووە و دوای بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، کۆمیسیۆنی "یەکڕیزیی نیشتمانی و دیموکراسی" لە پەرلەمان پێکهێنراوە و ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی ڕاپۆرتی کۆتاییدایە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP