هەرێم نیوز
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لە ڕێگەی هەرسێ نەمامگەی ئەندازەی پارکەکان، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەی چاندنی دار و گوڵ لە ٢٠٪ زیادی کردووە.
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمساڵ ١٢٨ هەزار و ٣٤١ دار و ١٠٦ هەزار و ٥٢٧ گوڵ چێنراون، کە لە شەش ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی وا تۆمار نەکراوە.
راشیگەیاند "ئەو دارانەی چێنراون لە جۆرەکانی سیسەم، ئەلبزیا، دەدۆنیا و پێ حوشتر بوون، چونکە بەرگەی کەشوهەوای هەولێر دەگرن." وتیشی، زۆربەی ئەو دارانە لە دوورگە ناوەندییە نوێیەکان و لە شوێنی دارە وشکبووەکان چێنراون.
بەپێی زانیارییەکانی پارێزگار، لەمساڵدا زیاتر لە ٧٣ شوێن لە پارک، باخچە، نافورە و شەقامە سەرەکییەکان نۆژەنکراونەتەوە. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە لەماوەی کابینەی نۆیەمدا، نۆ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دار و گوڵ لە سنووری هەولێر چێنراون و هاوکاری نەمامیش پێشکەش بە شارەوانییەکانی سۆران، ئاکرێ، شەقڵاوە، بەردەڕەش و ناوەندە ئایینی و پەروەردەییەکان کراوە.