دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

هەسەدە: 140 کەس بە تۆمەتی پەیوەندی بە داعشەوە دەستگیرکراون

هەرێم نیوز
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی ساڵی 2025ی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، لە ماوەی ئەمساڵدا 163 ئۆپەراسیۆنیان دژی شانە تیرۆریستییەکانی داعش ئەنجامداوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوە کرد کە 32 لەو ئۆپەراسیۆنانە بە شێوەی پێکدادانی ڕاستەوخۆ بوون و وتی: "هێزەکانمان بەردەوامن لە وشککردنەوەی سەرچاوە داراییەکانی داعش و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی لە هەر هەڕەشەیەک."

بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا 140 کەس دەستگیرکراون و 13 چەکدار کوژراون، کە سێیان سەرکردەی باڵای ڕێکخراوەکە بوون. هەسەدە جەختی لەوەش کردەوە کە تیمی ئەندازیاریی هێزەکانیان توانیویانە 79 بۆمبی چێنراو هەڵبوەشێننەوە. لە بەرامبەریشدا، داعش لەم ساڵەدا 220 هێرشی جۆراوجۆری ئەنجامداوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، هەسەدە سوپاسی پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی کرد و وتی: "هاوکارییەکانی هاوپەیمانان لە ڕووی تەکنیکی و هەواڵگرییەوە، هۆکارێکی چارەنووسساز بووە بۆ سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنەکان." دەربارەی دابەشبوونی جوگرافیی چالاکییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد: 70%ی ئۆپەراسیۆنەکان لە ناوچە گوندنشینەکان، 20% لە شارەکان و 10%یش لەسەر ڕێگا سەرەکی و ستراتیژییەکان بوون.

هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) ناوکە سەرەکییەکەی پێکدەهێنن، لە ساڵی 2019دا بە فەرمی کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعشیان لە باغۆز ڕاگەیاند.

سەرەڕای تێپەڕبوونی چەند ساڵێک، بەڵام شانە نوستووەکانی داعش هێشتا لە بیابانەکانی سووریا و ناوچە گوندنشینەکانی دێرەزوور و حەسەکە چالاکن. هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوامە لە دابینکردنی چەک و زانیاریی هەواڵگری بۆ هەسەدە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP