هەرێم نیوز
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان داوا لە ئەندامانی دەکات فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بکەنەوە و نەقیبی سەندیکاش جەخت دەکاتەوە، دەبێت ئەندامێتییەکەیان "کارا" بێت و ناسنامەکانیان نوێ کردبێتەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 30ی 12ی 2025، حاکم ئازاد حەمەئەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم ڕۆژنامەنووسانی هەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم مافی ئەوەیان هەیە فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بکەنەوە، بەو مەرجەی "ئەندامی کارای سەندیکا بن، پابەندی ئەرکەکانیان بووبن و ناسنامەی ئەندامێتییان نوێ بێت."
نەقیبی سەندیکا ئاماژەی بەوەش دا، ڕۆژنامەنووسانی ئەندامی سەندیکاکەیان هاوشێوەی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق و فەرمانبەرانی هەرێم، شایستەی وەرگرتنی پارچەیەک زەوین و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوی فەرمی ئاراستەی لق و نووسینگەکان کراوە.
بەگوێرەی بڕیارەکە، وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکە تا کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی نوێ (مانگی 1) بەردەوام دەبێت و لە ئێستاشدا نزیکەی چوار هەزار ئەندامی کارا لە سەندیکاکەدا هەن کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە.