دواین هەواڵ

کوردستان‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

ئەحمەد کانی: ئەوەی دوێنێ لە پەرلەمان ڕووی دا پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان بوو؛ بڕیاری نوێ دەدەین

هەرێم نیوز 

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، وەک تاکە حزبی براوە مافی خۆیانە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن و هۆشداریش دەدات، ئەگەر لە گەڕی سێیەمدا لایەنەکان پابەند نەبن، "مافی خۆمانە بڕیاری نوێ بدەین".

ئەمڕۆ سێشەممە 30ی 12ی 2025، ئەحمەد کانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێی پەرلەماندا ڕووی دا، دوور بوو لەو ڕێککەوتنانەی کە پێشتر کرابوون، چونکە پارتی وەک تاکە حزبی براوە لەسەر ئاستی عێراق، مافی ڕەوای خۆیەتی کاندیدی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان هەبێت.

ئەحمەد کانی ئاماژەی بەوەش دا، ئەوان لەگەڵ ئەو لایەنانە ڕێککەوتبوون کە مەیلی هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پارتی هەبوو، بەڵام "گۆڕانکارییەک ڕووی دا کە نەدەبوو وابێت".

ناوبراو هۆشداریی دایە لایەنەکان و وتی: "هێشتا گەڕی سێیەمی دەنگدان ماوە و ئومێد دەکەین بەگوێرەی ڕێککەوتنەکان پرۆسەکە کۆتایی بێت، ئەگەر لایەنەکان پابەندی بەڵێنەکانیان نەبن، ئەوا مافی پارتییە بڕیاری نوێ بدات و دەرگای دیکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتووی سیاسیی عێراق دەکاتەوە."

سەبارەت بە ستراتیژیی حزبەکەشی، ئەو بەرپرسەی پارتی ڕوونی کردەوە کە دروشمەکانیان (هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان)ـە و سەرۆک بارزانی ڕاسپاردەی پێ داون کە بە عەقڵییەتی دەوڵەتداری کار بکەن و نوێنەرایەتیی هەموو عێراق بکەن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP