دواین هەواڵ

کوردستان‌

 2 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆجەلان داوا لە تورکیا دەکات ببێتە ئاسانکار بۆ ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق

هەرێم نیوز

عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵی نوێوە ڕایگەیاند، چارەسەری پرسی کورد تەنیا لە ڕێگەی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و سازانی دیموکراسییەوە دەبێت.

ئۆجەلان ئاماژەی بەوە کرد، دۆخی پشێوی سوریا گوزارشت لە پێویستیی بەپەلەی دیموکراسی دەکات. وتیشی: "ڕێککەوتنی ١٠ی ئازاری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی دیمەشق، مۆدێلێکی سیاسییە کە دەسەڵات دەداتە گەلان بۆ بەشداریکردن لە خۆبەڕێوەبەری هاوبەشدا."

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا، ئۆجەلان جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی تورکیا کردەوە و وتی: "زۆر گرنگە تورکیا ڕۆڵێکی ئاسانکاری و بونیادنەرانە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشقدا بگێڕێت، ئەمە هەم بۆ ئاشتی ناوچەیی و هەم بۆ ئاشتی ناوخۆیی تورکیاش پێویستە."

باسی لەوەش کرد، ستراتیژی "پەرتکە و زاڵبە" کە سیستمی باڵادەست پیادەی دەکات، ناوچەکەی خستووەتە ناو وێرانکارییەوە. ئاماژەی بەوە کرد:"پرسی کورد کرۆکی قەیرانەکانە؛ ئەم کێشەیە لە ڕێگەی ململانێ و شەڕ و ڕێوشوێنی ئەمنییەوە چارەسەر نابێت، بەڵکو تەنیا لە ڕێگەی چوارچێوەیەکی دیموکراسییەوە چارەسەر دەکرێت کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل بێت."

ئەم پەیامەی ئۆجەلان لە کاتێکدایە، لە ١٠ی ئازاری ٢٠٢٥دا، هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا گەیشتنە ڕێککەوتنێکی سیاسی بۆ داهاتووی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا. ڕێککەوتنەکە جەخت لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکاتەوە، لە بەرامبەردا دیمەشق دان بە جۆرێک لە "خۆبەڕێوەبەری"دا دەنێت بۆ پێکهاتەکانی ناوچەکە. ئەم هەنگاوە وەک وەرچەرخانێکی گەورە لە قەیرانی سوریادا دەبینرێت، کە ئۆجەلان داوا دەکات تورکیا وەک وڵاتێکی دراوسێ، ڕێگری لەم پرۆسەیە نەکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP