دواین هەواڵ

کوردستان‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕێباز حەملان: ئەو لایەنە کوردییانەی دژی پارتین دەستەمۆی عێراقن

هەرێم نیوز

ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا هێرش دەکاتە سەر ئەو لایەنە کوردییانەی لە پەرلەمانی عێراق دژی کاندیدەکەی پارتی وەستانەوە و بە "دەستەمۆی بەغدا" ناویان دەبات.

ڕێباز حەملان لە پەیامەکەیدا وتی: "بۆ هەموو لایەک ڕوونبووەوە، ئەو حیزبە بچووکانەی بە پارەی هەندێ لایەنی بەغدا و پشتیوانی لایەنی تری هەرێم دروستکراون، وەک بووکەڵە بەکاردەهێنرێن." ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجی ئەو لایەنانە سەپاندنی مەرکەزییەت و لاوازکردنی هەرێمی کوردستانە لە ڕێگەی لێدان لە کاندیدەکانی پارتی.
یاریدەدەری سەرۆکی حکومەت جەختی کردەوە، هەموو لایەنەکانی عێراق و وڵاتانی دراوسێش دەزانن تەنیا پارتی لە بەغدا بەرگری لە مافە دەستوورییەکان و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دەکات. وتیشی: "وەفدی پارتی بە فەرمی مەرجەکانی بە چوارچێوەی هەماهەنگی وتووە، کە دەبێت مافە دەستوورییەکانی هەرێم بچەسپێنرێت."

سەبارەت بە ڕووداوەکانی پەرلەمانی عێراق، ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوەکرد، ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق ڕوویدا، گەلەکۆمەکی هەندێ لایەنی کوردە کە دەستەمۆی هەندێ لایەنی عێراقین، بۆ دژایەتیکردنی پارتی کە یەکسانە بە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان و هەرێمی کوردستان."

لە کۆتایی پەیامەکەیدا ڕایگەیاند، مێژوو سەلماندوویەتی کە خوای گەورە و میللەت و چیاکان لە پشتی بارزانی و پارتین، و ئیرادەی پارتی بە هیچ زاڵمێک ناشکێنرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق شکستی هێنا لە یەکلاکردنەوەی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان. لەو کۆبوونەوەیەدا ململانێیەکی توند لەنێوان شاخەوان عەبدوڵا کاندیدی پارتی و ڕێبوار کەریم کاندیدی ڕەوتی هەڵوێست دروستبوو.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP