هەرێم نیوز
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای دیدارەکەیدا لەگەڵ بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی تووند و ڕاستەوخۆی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن هیچ هەنگاوێک بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکان بنرێت.
ترەمپ لە لێدوانێکدا وتی: "بیستوومانە کە کۆماری ئیسلامی ئێران دەیەوێت جارێکی دیکە ئامێر و دامەزراوە ئەتۆمییەکانی نۆژەن بکاتەوە و بونیادیان بنێتەوە، بەڵام ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەن، ئەوا هەرچییەک دروستی بکەن بەسەریاندا وێرانی دەکەین."
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد کە بیستوویەتی تاران دەیەوێت لەگەڵ واشینگتن بگاتە ڕێککەوتن، جەختیشی کردەوە کە ئەگەر ئێران کارێکی وا بکات، هەنگاوێکی "ژیرانە" دەبێت.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی ئەمریکا ڕەخنەی توندی لە شێوازی مامەڵەی دەسەڵاتدارانی تاران لەگەڵ خۆپیشاندەران گرت و ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هەر ناڕەزایەتییەک لە ناوخۆی ئێران دروست بووبێت، هێزە ئەمنییەکان ڕاستەوخۆ تەقەیان لە خەڵکی مەدەنی کردووە، ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای ئیدارەکەی دروست کردووە.