هەرێم نیوز
سەرۆککۆماری ئێران دان بەوەدا دەنێت کە وڵاتەکەی لە دۆخێکی "زۆر سەخت"دایە و ڕووبەڕووی جەنگێکی سەرتاسەری بووەتەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا، هاوکات ئاشکرای دەکات کە کورتهێنانی وزە گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزینیان داوە.
ئەمڕۆ شەممە 27ی 12ی 2025، مەسعوود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ پێگەی ڕەبەری باڵای ئێران ڕایگەیاند: "لە ڕووی ئابووری، سەربازی، سیاسی و ئەمنییەوە لەژێر فشارێکی توندداین و ئەمەریکا و ئەورووپا و ئیسرائیل نایانەوێت ئێران لەسەر پێی خۆی بوەستێت." ناوبراو دۆخەکەی بە "ئاڵۆزتر و سەختتر" لە جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران وەسف کرد، چونکە بە وتەی ئەو "ئێستا فشارەکان هەمەلایەنەن."
سەبارەت بە قەیرانی وزە، پزیشکیان ئاشکرای کرد، کاتێک حکوومەتی وەرگرتووە کورتهێنانی کارەبا 20 هەزار مێگاوات بووە، بەڵام لەمساڵدا کورتهێنانەکە گەیشتووەتە 30 هەزار مێگاوات، بۆیە دەستیان بەسەر ئامێرەکانی دراوی ئەلیکترۆنی (ماینەر)دا گرتووە بۆ کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆککۆماری ئێران بەرگریی لە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی کرد و وتی: "ئێمە ئەو تابۆیەمە شکاند کە دەوترێت نابێت دەستکاریی نرخی بەنزین بکرێت." ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی دۆخی ئابوورییەوە، ڕێژەی هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتووەتە 52.6%.
لای خۆیەوە عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران ڕایگەیاندووە، تووڕەیی ڕۆژئاوا تەنیا لەسەر دۆسیەی ئەتۆمی نییە، بەڵکو لەسەر ئەو "نەزمە ئیسلامییە"یە کە ئێران پەیڕەوی دەکات.