دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەتەنیاهوو سبەی دەچێتە لای ترەمپ؛ کۆشکی سپی لە هەڵوێستەکانی ئیسرائیل بێزارە

هەرێم نیوز 

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ پێنجەمین جار لە ئەمساڵدا سەردانی ئەمەریکا دەکات و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆ دەبێتەوە، میدیاکانی ئەمەریکاش ئاشکرای دەکەن، ئیدارەی ترەمپ لە پەکخستنی ئاگربەست لەلایەن نەتەنیاهووەوە بێزار بوون.

ئەمڕۆ شەممە 27ی 12ی 2025، بەرپرسێکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕۆژی یەکشەممە بەرەو ئەمەریکا بەڕێ دەکەوێت و ڕۆژێک دواتر لە فلۆریدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا کۆ دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی ترەمپ و نێوەندگیرەکان فشار دەکەن بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ئاگربەستی غەززە، کە خۆی دەبینێتەوە لە کشانەوەی ئیسرائیل، پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات، بڵاوکردنەوەی هێزی نێودەوڵەتی و چەکدانانی حـ.ـەماس.

ڕۆژنامەی (یەدیعۆت ئەحرەنۆت) بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەکەدا دۆسیەی ناوەکیی ئێران، رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ سووریا و ئاگربەستی لوبنان تاوتوێ دەکرێن.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی (ئەکسیۆس)ی ئەمەریکی لە زاری بەرپرسانی کۆشکی سپییەوە ئاشکرای کردووە، ئیدارەی ترەمپ تا دێت زیاتر لە نەتەنیاهوو بێزار دەبن، چونکە ناوبراو هەنگاوی بۆ لاوازکردنی ئاگربەستە ناسکەکە ناوە و دەیەوێت پرۆسەی ئاشتی پەک بخات، لە کاتێکدا ئەمەریکا دەیەوێت بەزووترین کات حکوومەتە تەکنۆکراتەکەی غەززە ڕابگەیەنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP