دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

سۆمۆ: نەبوونی هەرێم لە دانوستانەکاندا پێگەی عێراق لاواز دەکات؛ ڕێککەوتنەکە فراوانتر دەکرێت

هەرێم نیوز

جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ ئاشکرای دەکات، عێراق و تورکیا خەریکی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە نەوتییەکەیانن کە ڕەنگە غاز و ئاویش بگرێتەوە، بەڵام هۆشداری دەدات کە نەبوونی نوێنەری هەرێم زیان بە دانوستانەکان دەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە 27ی 12ی 2025، حەمدی شەنگالی، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، حکوومەتی عێراق گفتوگۆی چڕی لەگەڵ تورکیا دەست پێ کردووە بۆ نوێکردنەوەی ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوانیان کە لە مانگی تەممووزی 2026 وادەکەی بەسەر دەچێت.

شەنگالی ئاماژەی بەوە دا، ڕێککەوتنە نوێیەکە تەنیا تایبەت نابێت بە نەوت، بەڵکو فراوانتر دەکرێت و کەرتەکانی وزەی وەک غاز و کارەبا و تەنانەت دۆسیەی ئاویش دەگرێتەوە.

سەبارەت بە ڕۆڵی کورد، جێگرەکەی سۆمۆ هۆشداریی دا و وتی: "ئامادەنەبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم دانوستانانەدا دەتوانێت پێگەی دانوستانکاری عێراق لاواز بکات، بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی یەکگرتوو لەنێوان هەموو لایەنەکاندا هەبێت تا زۆرترین سوود لەم ڕێککەوتنە وەربگیرێت."

جێی باسە ڕێککەوتنی بۆریی نەوتی کەرکووک-جەیهان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1973 و دوای بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە ئازاری 2023ـەوە هەناردەکردن تێیدا ڕاگیراوە، لە ئێستاشدا بەغدا هەوڵ دەدات لە ڕێگەی نوێکردنەوەی ڕێککەوتنەکەوە دەروازەیەکی دیکە بۆ بازاڕەکانی ئەورووپا و دوور لە گەرووی هورمز مسۆگەر بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP