هەرێم نیوز
عەبدوڵا ئۆجەلان لە پەیامێکدا ڕەخنە لە بەکارهێنانی ئایین بۆ دەسەڵات دەگرێت و ڕایدەگەیەنێت، پێویستە ئیسلام نەکرێتە کەرەستەی سیاسیی دەوڵەت و گرووپەکان، بەڵکو دەبێت بکرێتە هەوێنی پێکەوەژیان و ئازادی.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 12ی 2025، عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی ئاڕاستەی کۆنگرەی "فیدراسیۆنی لێکۆڵینەوە ئیسلامییەکانی میزۆپۆتامیا" کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە: "ئیسلام لە جەوهەرەکەیدا ئاینی ئازادی و دادپەروەری و یەکسانییە، بەڵام ئیسلامی دەوڵەتی کە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری وەک ئامرازێکی دەسەڵاتداری بەکاری دەهێنێت، ئەم جەوهەرەی لەدەست داوە."
لە پەیامەکەدا ئۆجەلان پێی وایە "ئیسلامی دیموکراتیک" گەڕانەوەیە بۆ ڕۆحی "پەیمانی مەدینە" و دەڵێت: "ئەو پەیمانە بریتییە لە پێکەوەژیانی باوەڕی و گەل و کولتوورە جیاوازەکان بە ئیرادەی خۆیان و بێ زۆرەملێ."
عەبدوڵا ئۆجەلان جەختیشی کردووەتەوە کە "جیهادی ڕاستەقینە تێکۆشانە دژ بە خۆپەرستی" و چەمکی "شوورا"ش لە ئیسلامدا بە مانای عەقڵی کۆلێکتیڤ و بڕیاردانی دیموکراتیک دێت.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئۆجەلان داوا دەکات لەجیاتی ئەوەی ئیسلام بکرێتە کەرەستەی سیاسی، بکرێتە شارستانییەتێکی جێگرەوە کە ئازادیی ژن و خوشک و برایەتیی گەلان بە بنەما دەگرێت و دەڵێت: "تەنیا ئەم لێکدانەوە دیموکراتیکە دەتوانێت ببێتە دەرمان بۆ برینەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."