هەرێم نیوز
شارەزایەکی دارایی ئاشکرای دەکات، حکوومەتی عێراق بەدەست قەیرانی نەبوونی سیولەوە دەناڵێنێت و ئەگەری زۆرە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێ دوا بکەوێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی 12ی 2025، حەیدەر شێخ، شارەزای کاروباری ئابووری و دارایی ڕایگەیاند، حکوومەت ڕووبەڕووی کێشەیەکی ڕاستەقینە بووەتەوە لە دابینکردنی مووچە، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 65 دۆلار، داهاتی نەوت لە 10 ترلیۆنەوە بۆ 8 ترلیۆن دینار دابەزیوە.
ئەو شارەزایە ڕوونی کردەوە، حکوومەت مانگانە پێویستی بە 6 ترلیۆن دینارە تەنیا بۆ مووچەی فەرمانبەران، خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی، لە کاتێکدا کۆی داهاتی مانگانە (نەوتی و نانەوتی) گەیشتووەتە نزیکەی 9 ترلیۆن دینار، کە بەشێکی بۆ خەرجییە گشتییەکان دەڕوات، بۆیە پارەی پێویست بۆ مووچە نامێنێتەوە.
حەیدەر شێخ ئاماژەی بەوەش داوە: "پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی هەندێک وەزارەت و خانەنشینان بۆ هەفتەی یەکەمی ساڵی نوێ دوا دەکەوێت."
لەلایەکی دیکەوە پەرلەمانتار محەمەد خەفاجی ئاشکرای کرد، کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە 64 ترلیۆن دینار (واتە 32%) و ژمارەکان دەستکاری کراون بۆ پیشاندانی "دەسکەوتی وەهمی"، چونکە بودجە لەسەر بنەمای 200 ترلیۆن دینار دانراوە، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا 136 ترلیۆن دینار بەردەستە.
هاوکات ماجید شەنگالی، پەرلەمانتاری عێراق هۆشداری دا کە دۆخی دارایی لەوە سەختترە کە ڕادەگەیەنرێت و بڕیارەکانی حکوومەت بۆ "کەمکردنەوەی خەرجی" (تەقەشوف) درەنگ وەختە، چونکە پێشبینی دەکرێت لە ساڵی 2026 نرخی نەوت زیاتر دابەزێت.