دواین هەواڵ

کوردستان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

سەنتەری میترۆ: دادگای دەستپاکیی سلێمانی پێچەوانەی یاسا مۆبایلی ڕۆژنامەنووسێکی دەستبەسەر کردووە

هەرێم نیوز 

سەنتەری میترۆ نیگەرانیی خۆی لە دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنووسێک لەلایەن دادگای دەستپاکیی سلێمانی دەردەبڕێت و ڕایدەگەیەنێت، دەستبەسەرداگرتنی مۆبایلی ڕۆژنامەنووس پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەرییە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی 12ی 2025، سەنتەری میترۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، وریا عەبدولخالق، پەیامنێری میدیای "بوار" و ئەندامی گرووپی (را) لە چەمچەماڵ، لەلایەن دادگای دەستپاکیی سلێمانییەوە بانگهێشت کراوە و بۆ ماوەی 4 کاتژمێر ڕاگیراوە، هەرچەندە دواتر بە کەفالەتی 2 ملیۆن دینار ئازاد کراوە، بەڵام مۆبایلەکانیان بۆ نەگەڕاندووەتەوە.

سەنتەری میترۆ ڕوونی کردووەتەوە، ئەو ڕۆژنامەنووسە دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە و هۆکارەکەی بۆ پڕکردنەوەی ڕێڕەوەکانی ئاوی باران گەڕاندووەتەوە، هاوکات ناوبراو ئەندامی لیژنەی چاودێریی دابەشکردنی قەرەبووەکانیش بووە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا، سەنتەری میترۆ پرسیار لە دادوەری دەستپاکیی سلێمانی دەکات و دەڵێت: "ئەم کەیسە چییە بۆ دادگای دەستپاکی؟ مۆبایلی ڕۆژنامەنووس کە دەیان تایبەتمەندیی کەسیی تێدایە، بۆ لێی وەردەگرن؟ ئەگەر وەرگرتنی مۆبایلەکە وەک بەڵگە بێت، ئەوا پێچەوانەی یاسای ڕۆژنامەگەرییە، چونکە نابێت زانیاری و پەڕاوگەکانی ڕۆژنامەنووس دژی خۆی بەکار بهێنرێن."

سەنتەرەکە ئاماژەی بە فەرمانێکی پێشووی سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی کردووە کە دەبێت سکاڵای ڕۆژنامەنووسان لە دادگای لێکۆڵینەوەی سلێمانی/1 و بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 ببینرێت، نەک لە دادگای دەستپاکی.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP