دواین هەواڵ

عێراق‌

 9 کاتژمێر پێش ئێستا

خەزعەلی: چەکدانان لەژێر فشاری دەرەکی قبوڵکراو نییە و ڕیسواییە

هەرێم نیوز

 سەرکردەی شیعە و ڕێبەری گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق، فشاری لایەنی دەرەکی بۆ چەکدانان ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەوەی چەک ڕادەستبکات با ئامادەبێت بۆ ئەوەی ڕیش و سمێڵیشی بتاشن.

قەیس خەزعەلی سەرکردەی شیعە و ڕێبەری گروپی عەسائیبی ئەهلی هەق کە گروپێکی چەکداریی شیعەیە، لەبارەی پرسی چەکداماڵین گروپەچەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند: تەواوی ئەو فشار و دەستوەردانانەی دەرەوەی وڵات ڕەتدەکەنەوە کە دەیانەوێت بەپێی خواستی خۆیان بێهێزیان بکەن و پابەندی شتێکی لەو بابەتەش نابن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەوان وەک عەسائیبی ئەهلی هەق لەگەڵ سنوردارکردن و ڕێکخستنی کاری گروپەچەکدارەکاندان، بەڵام بەپێی چوارچێوەیەکی نیشتیمانیی و دەوڵەتیی لە عێراقدا نەک بە قسە و هەڕەشەی لایەنە دەرەکییەکان.

لەبارە چەکدانانەوە قەیس خەزعەلی وتی، هەر کەسێک ئامادەبێت چەک ڕادەست بکات، دەبێت بێگومان و ئامادەی ئەوەس بێت کە ڕیش و سمێڵیشی بتاشن.

ئەم لێدوانەی خەزعەلی لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنتۆن و گروپە چەکدارەکان گەیشتووەتە لوتکە، بەتایبەت دوای هێرشە یەک لەدوای یەکەکانی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا. ئەمریکا مەرجی سەقامگیریی عێراق بە کۆنتڕۆڵکردنی ئەم چەکە "سەربەخۆیانە" دەبەستێتەوە.

قەیس خەزعەلی یەکێکە لە دیارترین سەرکردەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" (کوتلەی زۆرینەی پەرلەمان). گروپی "عەسائیبی ئەهلی هەق" کە ئەو سەرکردایەتی دەکات، لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە و تۆمەتبار دەکرێن بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP