هەرێم نیوز
پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕزگارکردنی نزیکەی 540 کۆچبەری لەناو یەک بەلەمدا لە نزیک دوورگەی "گاڤدۆس" ڕاگەیاند، کە زۆربەیان پیاون و خەڵکی وڵاتانی بەنگلادیش، میسر، پاکستان، ئەریتیریا، سۆماڵ، سوودان و ناوچە فەلەستینییەکانن.
گوتەبێژی پاسەوانی کەناراوەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووه، لە ڕێگەی بەلەمێکی دەوریەی سەر بە دەزگای پاسەوانی سنوور و کەناراوەکانی ئەوروپا (فرۆنتێکس) لە نزیک دوورگەی گاڤدۆس کە نزیکەی 30 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی کریتەوە دوورە، ڕزگارکراون.
پاسەوانی کەناراوەکان راشیگەیاندووە کە لە نێو ئەو کۆچبەرانەدا خەڵکی بەنگلادیش، پاکستان، میسر، ئێریتریا، سۆماڵ، سودان و خاکەکانی فەلەستین هەن.
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەشداوه کە بڕیاره كۆچبهرهكان بگوازرێنەوە بۆ شاری ڕێتیمنۆ لە دوورگەی کریت.
بەپێی یاسا و رێکارەکانی یەکێتیی ئەوروپا، هەموو ئهو كۆچبهرانه پشکنینی پزیشکییان بۆ دەکرێت پێش ئەوەی داواکاری مافی پەنابەرییان لەبەرچاو بگیرێت.
جێی باسه لهم وهرزهدا کۆچبەران هەوڵ دەدەن لە لیبیا بگەنە دوورگەی کریتی یۆنان بەمەبەستی چوونە ناو سنوورهكانی یەکێتی ئەوروپا.