دواین هەواڵ

ڕاپۆرت و چاوپێکەوتن‌

 3 کاتژمێر پێش ئێستا

ئیسرائیل: جەنگی لوبنان حەتمییە و سوپای ئەو وڵاتە شکستی هێناوە

هەرێم نیوز

زیاتر لە ساڵێک بەسەر ڕێککەوتنی ئاگربەست لە لوبنان تێدەپەڕێت، لێدوانەکانی ئیسرائیل هێشتا ئاماژە بە ئەگەرێکی بەرزی توندکردنەوەی هێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە و حەتمیبوونی شەڕ دەکەن، سەرەڕای لێدوانە ئەرێنییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە ڕۆڵی سوپای لوبنان لە بێچەککردنی حیزبوڵڵا.

ڕۆژنامەی "یەدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی ڕۆژی هەینی لە زاری بەرپرسێکی ئیسرائیلییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، نووسیویەتی: ئەگەری ڕوودانی جەنگ لە لوبنان زۆرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕۆژنامەیە، ئیسرائیل بەو بەڵگەیەی کە حکومەتی لوبنان بە تەنیا توانای بێچەککردنی حیزبوڵڵای نییە، لە حەتمیبوونی شەڕ لە بەرەی باکوور دڵنیایە.

ئیسرائیل بە ئەمریکای ڕاگەیاندووە کە سەرەڕای هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵڵا، ئەم گروپە هێشتا بەردەوامە لە بەهێزکردنی هێزەکانی خۆی، لەکاتێکدا سوپای لوبنان لە ئەنجامدانی ئەرکەکەی خۆیدا شکستی هێناوە.

ئەمریکییەکان دەزانن کە ئیسرائیل سەبارەت بە هەڕەشەکانی بەرەی لوبنان جدییە و پاڵپشتییان لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە لوبنان کردووە، بەڵام سەبری ئەوان بەرەو تەواوبوون دەچێت.

لە ئێستادا، ئەمریکا پەلەی نییە لە پاڵپشتیکردنی کردەوەی سەربازیی ئیسرائیل و پێیوایە هێشتا دەکرێت ڕێگری لە توندبوونەوەی تەواوەتیی ململانێکان بکرێت.

بە پێی هەمان ڕۆژنامە، ئەگەر سوپای لوبنان نەتوانێت تا کۆتایی ئەم مانگە حیزبوڵڵا بێچەک بکات، وەک ئەوەی لەو مۆڵەتەدا هاتووە کە ئەمریکا دەستنیشانی کردووە، ئەوا ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ زیاد دەکات.

ڕۆژنامەکە لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، نووسیویەتی: ئاماژەی ئەرێنی لە لوبناندا هەن. سوپای لوبنان خەریکە بەهێزتر دەبێت و بەرەو باشتر دەچێت، سەرۆک کۆماری لوبنانیش ڕایەکی ئەرێنی هەیە. ئێمە هیوادارین بگەینە خاڵێک کە حیزبوڵڵا چیتر هەڕەشە نەبێت بۆ سەر لوبنان یان ئیسرائیل، بەڵام ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە و کاتی دەوێت.

وەڵامی ئێران؟

ڕۆژنامەی "هائارتس"ی ئیسرائیلی ئەمڕۆ ڕاپۆرتی دا کە ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشە ڕۆژانەکانی بۆ سەر ئامانجەکانی حیزبوڵڵا لە سەرتاسەری لوبناندا.

عامۆس هارێل، شیکەرەوەی سەربازی، پێیوایە کوشتنی "عەلی تەباتەبایی"، سەرۆکی ئەرکانی ئەم ڕێکخراوە لە بەیرووت لە مانگی ڕابردوودا، لە بنەڕەتدا دۆخەکەی نەگۆڕیوە؛ لە کاتێکدا سوپای ئیسرائیل هێشتا ئاماژە بە ئامادەکارییەکانی دەکات بۆ دەستپێکردنی هێرشێکی بەرفراوانتر دوای گەڕانەوەی بنیامین ناتانیاهۆ لە ئەمریکا لە سەرەتای مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا (کانونی دووەم).

وتیشی کە ناتانیاهۆ و سوپا بە دوای سیناریۆی «ڕۆژانی جەنگ»دا دەگەڕێن دژی حیزبوڵڵا، بەو گریمانەیەی کە و ئەمریکا دەیەوێت سوپای ئیسرائیل وەک ئامرازێکی گوشار بەکاربهێنێت بۆ ناچارکردنی حیزبوڵڵا تا ڕازی بێت بە پرۆسەی بەردەوامی بێچەککردنی لەلایەن سوپای لوبنانەوە.

بەڵام، هارێل دەڵێت ڕەگەزێکی نەزانراوی گرنگ و مەترسیدار لەم سیناریۆیەدا هەیە: پەرچەکرداری ئێران. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل پێشتریش لە هەڵسەنگاندنی پەرچەکردارەکانی ڕێبەری باڵا عەلی خامنەیی تووشی هەڵە بووە، بۆ نموونە کاتێک بڕیاری دا سەدان موشەک و درۆن لە نیسانی ٢٠٢٤دا ئاڕاستەی خاکی ئیسرائیل بکات وەک تۆڵەی کوشتنی ژنراڵی ئێرانی حەسەن مەهدەوی لە دیمەشق. ئایا ئیسرائیل ئامادەیە قومار لەسەر ئەوە بکات کە ئێرانییەکان ئەمجارە لە ئاست هێرشێکی بەرفراوان دژی حیزبوڵڵا بێدەنگ دەبن؟

لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتێکی ڕاپرسی کە لەلایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی ئاسایشی نەتەوەیی ئیسرائیل لەم هەفتەیەدا ئەنجامدراوە، دەری دەخات کە تەنیا ٢٨٪ی بەشداربووان پێیان وایە دۆخی ئەمنیی سەر سنووری لوبنان، ئاسایش بۆ دانیشتووانی ئیسرائیلی ئەو ناوچەیە دابین دەکات.

لە بەرانبەردا، ٤٥٪ پێیان وایە ئەم دۆخە وا دەخوازێت بگەڕێنەوە بۆ "شەڕی سنووردار"، هاوشێوەی دۆخی ساڵی ڕابردوو، کە تێیدا ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر لوبنان بێ ئەوەی حیزبوڵڵا تۆڵەی لێ بکاتەوە.

هەروەها ١٣٪ پێیان وایە ئەم دۆخە وا دەخوازێت بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی کە وەک "شەڕی چڕ، لەوانەش ئۆپەراسیۆنی زەمینی" وەسف کراوە.

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP