هەرێم نیوز
وەزارەتی سامانەسروشتییەکان بری نەوتی دابەشکراوی ئەمساڵی بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، تا ئێستا زیاتر لە 120 ملیۆن لیتر نەوتی سپیان بەسەر خێزانەکانی ناوچە جیاوازەکاندا دابەشکردوە.
بەپێی دواین ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە دابەشکردنی نەوتی سپی بۆ وەرزی زستانی (2025-2026)، تا ڕێکەوتی 16ی کانوونی یەکەمی 2025، کۆی گشتیی نەوتی دابەشکراو گەیشتووەتە زیاتر لە 120 ملیۆن و 294 هەزار لیتر. ئەم بڕە نەوتە بووەتە هۆی ئەوەی کە 601 هەزار و 471 خێزان لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بەشە نەوتی خۆیان وەربگرن.
ئامارەکان جیاوازییەک لە ئاستی دابەشکردن لە نێوان ناوچەکان دەردەخەن، بەجۆرێک پارێزگای سلێمانی بە ڕێژەی 93% و ئیدارەی سۆران بە ڕێژەی 92% لە پلەکانی پێشەوە دێن و زۆرترین خێزان تیایاندا سوودمەند بوون، هەروەها لە هەڵەبجە ڕێژەکە 85.5%ـە. لە بەرامبەردا ڕێژەی دابەشکردن لە پارێزگای هەولێر گەیشتووەتە 38% و لە دهۆک 35%ـە، ئیدارەی زاخۆش بە تۆمارکردنی ڕێژەی 18% کەمترین بڕی نەوتی تێدا دابەش کراوە.
سەبارەت بەو خێزانانەی تا ئێستا نەوتیان پێ نەگەیشتووە، داتاکان ئاشکرای دەکەن کە لە سەرجەم هەرێمی کوردستان هێشتا 488 هەزار و 252 خێزان لە چاوەڕوانیدان و بەشە نەوتیان وەرنەگرتووە، کە زۆرینەی ئەو خێزانانەی ماون دەکەونە سنوری پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک و ئیدارەی زاخۆ، پرۆسەکەش بۆ گەیاندنی نەوت بەو خێزانانە بەردەوام دەبێت.
ئامارەکان بەم شێوەیەن: