هۆشەنگ مام ساڵح
کۆتاییهێنان بە دیپلۆماسیی "نیگەرانی" و "ئیدانەکردن”
ئەوەی لە ڕابردوودا لە سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر هێرشی هێزە میلیشیاکانی عێراق بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی عێراقێکی سەربەخۆ یان بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەبینرا، ستراتیژییەکی شەرمنانە یان وەڵامدانەوەیەکی شەرمنانە بوو. ئەمەریکا تەنها بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ئیدانەی دەکرد و کۆتایی بە دۆخەکە دەهێنا؛ ئەمەش هۆکاری ئەوە بوو کە هێرشەکان بەردەوام بن، چونکە گرووپە چەکدارەکان وا تێدەگەیشتن کە ئەم هێرشانە باجی قورسی نابێت. بەڵام لە ئێستادا و لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئیدارەی ترەمپ، هاوکێشەکە بە تەواوی پێچەوانە بووەتەوە، ئەمەریکا چیتر ئەم جۆرە هێرشانە وەک کێشەیەکی ناوخۆیی عێراق سەیر ناکات، بەڵکو وەک "هێرشکردنە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا" پێناسەی دەکات. وەڵامدانەوەی ئەمەریکا لە چوارچێوەی ئاگادارکردنەوە و ئیدانەکردن دەردەچێت و دەچێتە قۆناغی "زەبری سەربازی"، بە ئامانجی ئەوەی باجی هێرشکردن هێندە قورس بێت کە هیچ لایەنێک نەوێرێت بیر لە دووبارەکردنەوەی بکاتەوە.
مارک ساڤایا؛ پیاوێک بۆ قۆناغی یەکلاکردنەوە،
جیاکردنەوەی ئەم قۆناغە لە قۆناغی ئیدانەکردن، دەرکەوتنی کارەکتەرێکی وەک "مارک ساڤایا"یە لە گۆڕەپانی سیاسییدا. دانانی ئەم کەسایەتییە کە بە ڕەچەڵەک عێراقییە (کلدانی)، پەیامێکی ڕوونی هەواڵگری و سیاسییە بۆ بەغدا و گرووپەکان؛ چونکە ساڤایا جیاواز لە باڵیۆز و دیپلۆماتکارە تەقلیدییەکان، پێویستی بە وەرگێڕانی کولتووری نییە بۆ تێگەیشتن لە ئاماژەکان و بە وردی لە عەقڵیەتی گرووپە چەکدارەکان و پیلانەکانیان تێدەگات، ساڤایا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە و خاوەنی دەسەڵاتی بڕیاردانی مەیدانییە، واتە بۆ هەر وەڵامدانەوەیەک پێویستی بە گەڕانەوە بۆ ڕۆتینی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نییە، ساڤایا نوێنەرایەتیی جۆرێک لە سیاسەتی ئەمەریکا دەکات کە پێی دەگوترێت "هێز پێش گفتوگۆ و دیپلۆماسی"، کە هەمان سیاسەتی ترەمپ جێبەجێ دەکات هاتنی بۆ عێراق واتە سەردەمی کۆبوونەوەی بێ ئەنجام کۆتایی هات و کاتی جێبەجێکردنی بڕیارەکانە بۆ کۆتاییهێنان بەم گرووپە چەکدارانەی بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، هەروەها کۆتاییهێنان بە باڵادەستی ئێران لە عێراق.
وشککردنی سەرچاوەی دارایی هیزە میلیشیاکان
کاردانەوەی ئەمەریکا زۆر لەوە توندتر و فراوانتر دەبێت کە تەنها بە چالاککردنی سیستەمی بەرگری مووشەکێک بگرێتەوە (بخاتە خوارەوە). ئەمەریکا گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە هێزە میلیشیاکان تەنها گرووپی چەکدار نین، بەڵکو ئیمپراتۆریەتێکی دارایین کە لەلایەن ئێرانەوە ئیدارە دەدرێن، لەمەودوا هەر گرووپێک هێرشێک هاوشێوەی ئەو هێرشانەی بۆ سەر کۆرمۆر کران ئەنجام بداتەوە، ئەمەریکا ناچێت تەنها بنکە سەربازییەکەی بۆردومان بکات، بەڵکو ڕاستەوخۆ ئەو کۆمپانیا و بانک و پرۆژە بازرگانییانە دەکاتە ئامانج کە وەک بڕبڕەی پشتی ئەو گرووپانە کار دەکەن لەگەڵ ئەو سەرکردە و سیاسیانەی پشتیوانی ئەم هێزە سەرەڕۆیانە دەکەن، کۆمەڵێک کۆمپانیا لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەن کە بە ڕووکەش کاری مەدەنی دەکەن، بەڵام لە ژێرەوە پارەی چەک و مووشەکی و دڕۆنەکانی ئەم هێزانە دابین دەکەن، ستراتیجیەتی ئەمەریکا ڕوونە؛ ئەگەر ئەم هێرشانە دووبارە ببنەوە، ئەو بانک و کۆمپانیایانە دادەخرێن، بۆ ئەوەی هەموو ئەو گرووپانەی کە "کلکی ئێرانن لە ناوچەکە" تووشی ئیفلیجیی تەواو ببن و نەک تەنها چەکەکانیان و مووشەک و درۆنەکانیان، بەڵکو پارەی گیرفانیشیان لەدەست بدەن.
کۆبوونەوەی بەرپرسە ئەمنییەکان؛ دەرئەنجامی فشارەکانی ئەمەریکان بۆ سەر عێراق
ئەو کۆبوونەوانەی ئەمڕۆ لە نێوان بەرپرسانی بەغدا و هەولێر دەبینرێن، تەنها ڕێککەوتنێکی ئاسایی نین، بەڵکو دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی ئەو هۆشدارییە توندانەن کە ئەمەریکا داویەتی بە حکومەتی عێراقی واشنتۆن بە ڕوونی بە بەغدای ڕاگەیاندووە یان خۆتان کۆنتڕۆڵی ئەم گرووپانە دەکەن، یان ئێمە بە شێوازی خۆمان مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین ئەم فشارە وایکردووە کە حکومەتی ناوەندی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی و ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێتە گۆڕەپانی بۆردومانی ئەمەریکا، ناچار بێت بەپەلە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بکات بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکان، کەواتە جووڵەی هێزە فەرمییەکانی عێراق و هەرێم لە ئێستادا، جێبەجێکردنی نەخشەڕێگایەکە کە ئەمەریکا بەزۆر سەپاندوویەتی بۆ ڕاگرتنی هەڕەشەی ئەم هێزە و گروپە میلشیانە.
چارەنوسی کۆمپانیا سێبەرەکان و بازرگانانی سەر بە ئێران
سەبارەت بەو کۆمپانیا و لایەنانەی کە تێوەگلاون لە بازرگانی لەگەڵ ئێران، داهاتوویان بەرەو "مردنی ئابووری" دەڕوات. ئەمەریکا لیستێکی وردی ئامادە کردووە لەو کۆمپانیا سێبەرانەی کە لە کەرتەکانی نەوت و بەڵێندەرایەتی و ئاڵوگۆڕی دراودا کار دەکەن، و لە هەمان کاتدا وەک ڕێڕەوی گواستنەوە و سپیکردنەوەی پارە و بردنی دۆلار بۆ ئێران کار دەکەن. سزاکانی ئەمجارەی ئەمەریکا تەنها بلۆککردنی پارەکانیان نییە، بەڵکو "دەرکردنی تەواوەتییە" لە سیستەمی دارایی جیهانی؛ واتە هەر کۆمپانیایەک لە عێراق و هەرێمی کوردستان بچووکترین پەیوەندی بەو هێرشانەوە هەبێت، یان بازرگانی لەگەڵ ئەو لایەنانە بکات و لەگەڵ ئێران مامەڵە بکات، ڕووبەڕووی مایەپووچ بوون و داخستن دەبێتەوە. خاوەنی ئەم کۆمپانیایانە وەک کەسانی داواکراو مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، سەرمایە و سامانەکانیان دەست بەسەردا دەگیرێت و هیچ بانکێک لە جیهاندا مامەڵەیان لەگەڵ ناکات پەیامی ئەمەریکا بۆ بازرگانەکان ڕوونە: "مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان و ئێران، یەکسانە بە خۆکوژیی بازرگانی."