هەرێم نیوز
سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆڕبەندی وەبەرهێنانی ئەمریکا و سعودیە لە واشنتۆن ڕایگەیاند کە 'سێبەری ڕەشی' هەڕەشەی ئەتۆمیی ئێران لەسەر سعودیە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هێرشی ئەمریکاوە لاچووە. ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئێستا بە دوای ڕێککەوتنێکدایە لەگەڵ ئەمریکا.
دۆناڵد ترەمپ لە وتارەکەیدا بۆ ئامادەبووان وتی: "ئێستا ئەوان دەیانەوێت ڕێکبکەون؛ دەیانەوێت بزانن دەتوانن لەگەڵ ئێمە بگەنە ڕێککەوتن یان نا، و ئێمەیش بە ئەگەری زۆرەوە ئەو کارە دەکەین."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە چوارچێوەی سەردانەکەی شازادە محەمەد بن سەلمان، جێنشینی پادشای سعودیە، بۆ واشنتۆن دێن، کە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندییە ئابووری و ئەمنییەکانی نێوان ڕیاز و واشنتۆنە.
ترەمپ لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە ڕۆڵی فڕۆکە جەنگییە نهێنییەکانی جۆری (B-2) کرد لە هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.
رایگەیاند: "سەرجەم ئەو بۆمبانەی B-2ـەکان هەڵیانگرتبوو، بە تەواوی ئامانجەکانیان پێکایەوە و ئەمەش وێرانکارییەکی تەواو بوو."
جێی ئاماژەیە، ترەمپ رایگەیاندووە کە حکومەتەکەی بە فەرمی سعودیە وەک 'هاوپەیمانی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆی ئەمریکا' ناساندووە، کە پێگەیەکی ئەمنی بەهێزتر بە ریاز دەبەخشێت و رێگە بۆ گرێبەستی گەورەی چەک دەدات، لەوانەش فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (F-35).