هەرێم نیوز
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان 15 ساڵە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات و بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لەم پشتیوانییەدا هەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات ڕایگەیاند هەرێمی کوردستان پشتیوانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان بووە و پازدە ساڵە پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
عەبدی جەختیشی کردووە، بارزانی ڕۆڵی سەرەکیی لە پشتیوانیکردنی پڕۆسەی ئاشتی لە باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان گێڕاوە و هەروەها لە بواری یەکێتیی هێزی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستانیش ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە گوتیشی پێمان وایە ئەم پشتگیرییانە زیاتر لە جاران بەردەوام دەبن.
مەزڵووم عەبدی گوتیشی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە و داوای کرد هەرێمی کوردستان و کوردانی باکوور و دیاسپۆرا لە پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی سووریای نوێ و گەشەکردنی ئابووریی سووریا ڕۆڵێکی سەرەکی بگێڕن.
جەختیشی کردەوە لەم سەردەمەدا کورد دەتوانن ببنە فاکتەرێکی گرینگ بۆ گەشەی ئابووری و ئارامی لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات هەسەدە ڕایگەیاند، "پێویستە تورکیا هێزەکانی سووریای دیموکرات وەک مەترسی نەبینێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مەزڵووم عەبدی وتیشی، نابینە مەترسی بۆ سەر وڵاتی تورکیا.
عەبدی وتیشی، ئاشتی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر پێویستە. دەشڵێت کۆتایی هەموو شەڕێک گفتوگۆیە دەربارەی سوریاش ئاماژەی بەوەدا ئیدی سووریا ناگەڕێتەوە بۆ مەرکەزییەت.