دواین هەواڵ

کوردستان‌

 21 کاتژمێر پێش ئێستا

عەلی حوسێن: ئێمه‌ وه‌ك هه‌ندێك لایه‌ن نین، ده‌مانه‌وێت هه‌موو پۆسته‌كانی به‌غدا بۆ كورد بێت

هەرێم نیوز

عه‌لی حسێن، بەرپرسی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی ڕایگه‌یاند، ئامانجیان ئه‌وان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی كورسی په‌رله‌مانی عێراقیان بردوه‌ته‌وه‌ پێكه‌وه‌ كار بۆ مافه‌كانی كورد بكه‌ن، ده‌شڵێت، "ئێمه‌ وه‌ك هه‌ندێك لایه‌ن نین، ده‌مانه‌وێت هه‌موو پۆسته‌كانی به‌غدا بۆ كورد بێت"، به‌بێ ئه‌وه‌ی ناوی ئه‌و لایه‌نه‌ بهێنێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، عەلی حوسێن، بەرپرسی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی ڕایگەیاند، پرۆسەی دەنگدان بە شێوەیەکی زۆر هێمن و دیموکراسی بەڕێوەچوو، سوپاسی هاووڵاتیانی کوردستان، بە تایبەتی دانیشتووانی سلێمانی دەکەین، بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق لە هەرێمی کوردستان ڕێژەیەکی زۆر بەشداریان لە پرۆسەی هەڵبژاردن کرد، ئەمەش ئامادەیی و بڕوابوونی خەڵکی کوردستانە بە پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی.

عەلی حوسێن وتی: پیرۆزبایی لە کاندیدە سەرکەوتووەکان دەکەین، هەوڵ و ماندوو بوونی ئەندامان و لایەنگرانمان بەرز دەنرخێنین، ئەو کاندیدانەشی کە دەنگی پێویستیان بە دەست نەهێناوە ئەوانیش سەرکەوتوون، چونکە ڕۆڵیان لە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە و لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان هەبووە.

وتیشی: دەمەوێ بە تایبەتی سوپاسی خەڵکی سلێمانی بکەم بۆ پاڵپشتی و پشتگیریان لە سەر خستنی پرۆسەی دەنگدان و لیستی 275ی پارتی لە بازنەی سلێمانی. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای کەم و کوڕییەکان خەڵک بە شێوەیەکی شارستانی هاوکارمان بوون، بەڵام ئێمە وەکو پارتی، سەرکەوتنی کاندیدەکانمان و کاندیدانی لایەنەکانی دیکەش بە سەرکەوتنی کورد و کوردستان دەزانین. 

جەختی لەوەشکردەوە، پەیامی پارتی و پەیامی جەنابی بارزانی و هەردوو جێگرەکەی نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، ئامانجمان زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ بوو، بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان بە دەم پەیامەکەی پارتیەوە هاتن، بە کردار پارتی بووە یەکەم حزب لە ئاستی عێراق بە کۆکردنەوەی زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ.

بەرپرسی ڕێکخستن و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی خەجتی کردەوە لەوەی ئەگەر یاسای هەڵبژاردن ڕێگر نەبوایە و عێراق یەک بازنەی هەڵبژاردن بوایە، بێگوومان ژمارەی کورسییەکانی پارتی، دەبوون بە دوو هێندە و زیاتریش.

عەلی حوسێن، باسی لەوەشکرد، بەهێز بوونی پێگەی پارتی ، واتە بەهێز بوونی پێگەی کورد لە بەغدا، هەر لایەنێکی کوردی بەهێز بێت، هەرێمی کوردستان بەهێز دەبێت، بۆیە دووبارە سوپاسی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین، بە تایبەتی دەنگدەری پارتی دیموکراتی کوردستان، سوپاس بۆ هەموو ئۆرگانەکانی پارتی، دەزگا ئەمنییەکان، هێزەکانی پێشمەرگە، خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان. 

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارین ئەم هەڵبژاردنە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەهێزتر بکات، هەروەها بتوانین لە پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق، لەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی کە ڕێککەوتن دەکرێت ئەو گرفتانەی کە ئێمە لە گەڵ بەغدا هەمانە لە بابەتی بودجە، یاسای نەوت و غاز، ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، ئەو ماددە دەستوورییانەی کە تاوەکو ئێستا جێبەجێنەکراون، هەروەها مافەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان پێداگیر بین و سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن و مافەکانمان بەدی بهێنین. 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP