هەرێم نیوز
سبەی دەنگدانی گشتی لە هەرێمی كوردستان و عێراق بەڕێوە دەچێت، بەرپرسانی كۆمسیۆن دەڵێن سەرجەم ئامادەكارییەكانیان تەواو كردووە، بەپێی ئامارەكانی كۆمسیۆن بۆ پرۆسەی دەنگدانی گشتی، 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.
دوێنێ یەکشەممە، کاتژمێر 7:00 بەرەبەیان دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد و هێزە جیاوازەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەکە و دەنگدان کۆتایی هات.
هاوکات بڕیارە سبەینێ سێشەممە، دەنگدانی گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، لەم هەڵبژاردنەدا 20 ملیۆن و 404 هەزار و 291 کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە هەشت هەزار و 703 بنکە و 39 هەزار و 285 وێستگە دەنگ دەدەن، هاوکات زیاتر لە حەوت هەزار و 743 کاندید کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق دەکەن.
ژمارەی ئەو كەسانەی لە هەرێمی كوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، سێ ملیۆن و 68 هەزار و 411 كەسن، دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانیش رێژەی 14٪ـی كۆی دەنگدەرانی عێراق پێكدەهێنن.
ژمارەی دەنگدەران بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان دابەش بوونە، لە هەولێر ملیۆنێك و 87 هەزار و 880 كەس مافی دەنگدانی هەیە، لە سلێمانی بە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕینەوە، ملیۆنێك و 210 هەزار و 658 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە دهۆك 778 هەزار و 846 كەس مافی دەنگدانیان هەیە.