دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

لێدوانی ئەردۆغان لەسەر ئۆجەلان و پەکەکە

هەرێم نیوز

ئەردۆغان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی پێی ناوەتە "قۆناغێکی نوێ" لە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ پەکەکە. هەروەها ئامادەیە بۆ ئەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتاردان بۆ پەرلەمانی تورکیا تاوتوێ بکات.

ئەردۆغان وتی هەفتەی ڕابردوو گفتوگۆی "زۆر بنیاتنەر"ی لەگەڵ سەرکردەکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان ئەنجامداوە. ئاماژەی بەوەشکرد، پێشنیازکراوە ئۆجەلان قسە بۆ لیژنەیەکی پەرلەمانی بکات کە لێکۆڵینەوە لە چەکداماڵینی پەکەکە بکات.

ناوبراو لە وتارێکدا بۆ ئەندامانی پارتی داد و گەشەپێدان وتی: پێدەچێت ئێمە گەیشتوینەتە خاڵی وەرچەرخانێکی نوێ لەسەر ئەو ڕێگایە کە بەرەو تورکیایەکی دوور لە تیرۆر دەمانبات، پێویستە هەمووان ڕۆڵی خۆیان لەم پرۆسەیەدا بگێڕن.

سەرۆک کۆماری تورکیا دەشڵێت: ئێمە پێمان وایە زۆر گرنگە گوێبیستی بۆچوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بێت، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێک بەدەر بکرێت، هەروەها دەرفەت بۆ دەربڕینی بۆچوونی جیاواز، تەنانەت دژایەتیش بڕەخسێنرێت.

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان هەروەها ڕایگەیاندووە، پێویستە ڕێگە بدرێت بە کۆمیسیۆنێکی هاوبەشی پەرلەمانی کە نوێنەری چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت، ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆجالان لە زینداندا قسە بکات، بەو پێیەی ئۆجەلان وەک کەسایەتییەکی ناوەندی لە ڕای گشتی کورد و توخمێکی سەرەکی لە پرۆسەکانی پێشووی ئاشتیدا دەمێنێتەوە.

تا ئێستا حکومەتی تورکیا پشتڕاستی نەکردووەتەوە کە بەنیازە ئەو کارە بکات.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP