دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

نەیارەکەی ترەمپ بوە سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک

هەرێم نیوز

زەهران مەمدانی، کاندیدی دیموکراتەکان و نەیاری سەرسەختی دۆناڵد ترەمپ، بە سەرۆکی شارەوانی شاری نیویۆرک هەڵبژێردرا.

بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکان کە لەلایەن دەستەی هەڵبژاردنەکانی شاری نیویۆرکەوە بڵاوکراونەتەوە، مەمدانی تەمەن ٣٤ ساڵ پێش ئەندرۆ کوۆمۆی پارێزگاری پێشوو و کورتیس سلیوای کۆمارییەکان کەوتووە.

بەوەش مەمدانی دەبێتە یەکەم سەرۆکی شارەوانی موسڵمانی گەورەترین شاری ئەمریکا لە یەكی مانگی كانوونی دووەمى ساڵی داهاتوو.

پێشتر ترەمپ، هەڕەشەی بڕینی بودجەی فیدراڵی بۆ شاری نیویۆرک کردبوو ئەگەر مەمدانی لە هەڵبژاردنی سەرۆک شارەوانیدا سەربکەوێت.

ترەمپ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ" ممدانی بە "کۆمۆنیست" وەسفکرد و رایگەیاند، ئەو شارەکە بەجێدەهێڵێت "بەبێ هیچ دەرفەتێک بۆ سەرکەوتن یان تەنانەت مانەوە".

هاوکات لە ڤێرجینیا، ئابیگایل سپانبێرگەر، کاندیدی دیموکراتە میانڕەوەکان، بە ئاسانی پۆستی پارێزگاری ویلایەتەکەی بردەوە. سپانبێرگەری تەمەن ٤٦ ساڵ، کە ئەفسەری پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندی بووە، دوای ئەوەی بەسەر وینسۆم ئێرل سیرز، کاندیدی کۆمارییەکاندا سەرکەوت، دەبێتە یەکەم ژن کە ئەو پۆستە لە مێژووی ڤێرجینیادا وەربگرێت.

لە ویلایەتی نیوجرسیش، میکی شێریل كانددیدی لە هەڵبژاردنی حاكمی ویلایەتەكەدا سەرکەوتنی بەدەستهێنا.

بەوەش دیموکراتەکان لە یەکەم هەڵبژاردنی گەورەی ئەمریکادا سێ کێبڕکێی گەورەیان بردەوە، لە دوای گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی.
ئەم سێ هەڵبژاردنە دەرفەتێکی بۆ پارتی دیموکرات رەخساند تا شێوازی جیاوازی بانگەشەی هەڵبژاردن تاقیبکاتەوە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی ناوەڕاستی خولی 2026، کە تێیدا رکابەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی کۆنگرێس دەکرێت. لە کاتێکدا سپانبێرگەر و شێریل سەر بە باڵی میانڕەوی پارتەکەن، ممدانی وەک پێشکەوتنخوازێک و دەنگێکی نەوەی نوێ بانگەشەی دەکرد.

وتارەکەی ممدانی ستراتیژی نوێی دیموکراتەکان دیاری دەکات: گرنگیدان بە گیرفانی هاوڵاتیان لەبری ترەمپ:
بۆ ماوەی دەیەی رابردوو، وتاری زۆربەی دیموکراتە دیارەکان لەسەر یەک بابەتی سەرەکی چڕببوەوە: بە دوژمن نیشاندانی ترەمپ بووە ناسنامەی هەموو کاندیدێکی سەرۆکایەتیی دیموکراتەکان، لە هیلاری کلینتنەوە تا جۆ بایدن و کامالا هاریس. وتارەکانیان پڕبوون لە ئاگادارکردنەوە لەسەر کەسایەتی، سیاسەتەکانی و ئەو مەترسییەی کە بە بۆچوونی ئەوان بۆ سەر دیموکراسیی ئەمریکای دروست دەکرد.

بەڵام دوای ئەوەی دەرکەوت ئەو شێوازە کاریگەری پێویستی نەماوە، دیموکراتەکان لەو کاتەوە بەدوای گوتارێکی نوێ و یەکگرتوودا دەگەڕێن. وتارەکەی ئەمشەوی زهران ممدانی، سەرۆکی شارەوانیی نوێی نیویۆرک، رێچکەیەکی جیاوازی گرتەبەر و وایکرد ببێتە هۆی بردنەوەی.

راستە، ممدانی ئاماژەی بە ترەمپ کرد، کە بە "کۆمۆنیست" ناوی بردووە و ئەمشەویش بە بەردەوامی لە "تروس سۆشیاڵ" پۆستی لەسەر دەکرد. بەڵام بەشی زۆری وتارەکەی ممدانی تەرخانکرابوو بۆ ئەو پرسانەی راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر گیرفانی هاوڵاتیان هەیە، هەروەها دیدگایەک بۆ شارێک کە بۆ تێکەڵەیەکی فرەڕەنگی دانیشتووانەکەی گونجاو و بەردەست بێت.

ئەو دووبارە باسی ئەو سیاسەتانەی کردەوە کە پاڵنەربوون بۆ سەرکەوتنەکەی، وەک جێگیرکردنی نرخی کرێی شوقەکان و دابینکردنی پاسی خێرا و بەخۆڕایی. هەروەها جەختی لەسەر یارمەتیدانی ئەو تاکانەی چینی کرێکار کردەوە کە هیوای خواستبوو خزمەتیان بکات.

ئەمە ئەو ستراتیژەیە کە پێشکەوتنخوازەکان بەردەوام داوایان کردووە، بەتایبەتی لەدوای ئەوەی ترەمپ جارێکی دیکە کۆشکی سپی بەدەستهێنایەوە.

ممدانی لە کۆتایی وتارەکەیدا وتی: "لەم ساتە وەختە تاریکە سیاسییەدا، نیویۆرک دەبێتە رووناکی."



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP