دواین هەواڵ

جیهان‌

 5 کاتژمێر پێش ئێستا

ئۆزگور ئۆزێل: ئەوانەی شانازییان بە سزادانی دەمیرتاشەوە دەكرد دەبێت داوای لێبوردن بكەن

هەرێم نیوز

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری توركیا (جەهەپە) رایگەیاند، ئەوانەی شانازییان بە زیندانیكردنی سەڵاحەین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشوی هەدەپەوە دەكرد و ئێستاش ئازادكردنی بە كارێكی باش دەزانن، پێویستە داوای لێبورن لە دەمیرتاش و زیندانیانی سیاسی بكەن بۆ ئەو نۆ ساڵەی لە زیندانبون. دەشڵێت، "من بە سیفەتی سەرۆکی ئێستای پارتەکە داوای لێبوردن لە تورکیا و گەلی تورکیا دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەی لەو رۆژەدا كرا".

ئۆزێل پرسیاری ئەوەشيكرد، باشە ئەوانەی دوێنێ شانازییان بە زیندانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوکسەکداغەوە دەکرد و ئەوانەی شانازییان بە هێشتنەوەی عوسمان کاڤالا لە ناو زیندان دەکرد، ئەگەر بڵێن ئەمڕۆ ئەمە باشترین شتە، ئایا قەرزاری ئەوەنین لێبوردنیان لێبكەن؟.

سەرۆكی پارتی گەلی كۆماری لە درێژەی قسەكانیدا وتی: راشکاوانە بڵێم، ئێمە داوای لێبورد دەكەین، لەگەڵ ئەوەی ئێمە ئەوکات دژایەتیمان کرد، هەرچەندە لە کۆی ١٢٠ نوێنەری جەهەپە ١٠٠ پەرلەمانتاریان دژی دەنگیان دا، هەرچەندە ئێمە دژایەتیمان کرد، بەڵام جەهەپە بەرپرسیارێتی دەنگی ٢٠-٢٥ نوێنەری لە ئەستۆیە.

بۆیە من بە سیفەتی سەرۆکی ئێستای پارتەکە داوای لێبوردن لە تورکیا و گەلی تورکیا دەکەم بۆ ئەو هەڵەیەی لەو رۆژەدا كرا.

ئەم گوتانەی ئۆزگور ئۆزەل لە كاتێكدایە، ساڵی 2016 بەشێك لە پەرلەمانتارانی جەهەپە، پشتگیریی لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی سەر پەرلەمانتارانی هەدەپە كرد كە ئەوە بووە زەوینەسازییەك بۆ گرتنیان.

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی زیاتری پرۆسەی ئاشتیی نێوان توركیا و پەكەكە، پرسی ئازادكردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاتووەتە بەرباس، كە لە ساڵی 2016وە لە گرتووخانەدایە.

هەریەكە لە مەهەپەی هاوپەیمانی ئەردۆغان و جەهەپەی پارتی سەرەكی ئۆپۆزسیۆن، پشتیوانی ئازادكردنی دەمیرتاش دەكەن، ئەوەش لە پێشهاتێكی نوێدا كە هیواكانی بۆ ئازادكردنی دەمیرتاش زیاتر كردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP